سەرۆک بەرهەم: سوتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوید ئازادی ڕادەربڕین نیە

01:18 - 23/01/2023

2542جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری پێشوی عێراق رایگەیاند، روداوی سوتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوید ئازادی ڕادەربڕین نیە، بەڵکو پەیامی ڕق و ڕەگەزپەرستییە بۆ ئاژاوە و توندوتیژی، بۆیە داوا لە حکومەتی ئەو وڵاتە دەکات یاسای پێویست پەسەند بکات بۆ ڕێگرتن لەم جۆرە تاوانانە.

سوتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوید ئازادی ڕادەربڕین نیە
د.بەرهەم ساڵح ئەمڕۆ دوشەممە لە پەیامێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاویکردوەتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، "سوتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوید ئازادی ڕادەربڕین نیە، بەڵکو پەیامی ڕق و ڕەگەزپەرستییە بۆ ئاژاوە وتوندوتیژی."
هیوادارین یاسای پێویست پەسەند بکات بۆ ڕێگرتن لەم جۆرە تاوانانە
ئەوەشی خستوەتەڕو، "لە کاتیکدا تۆماری مێژویی سوید لە پشتیوانی مافی مرۆڤ و پێشوازیکردن لە ئاوارە و تێکۆشەرانی ئازادی بەرز دەنرخێنن، هیوادارین یاسای پێویست پەسەند بکات بۆ ڕێگرتن لەم جۆرە تاوانانە."
دەبێت تۆمەتبار سزابدرێت
دوێنێش موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، بابەتی سوتاندنی قورئان لەلایەن هاوڵاتییەکی سویدی و پاساوەکانی حکومەتی ئەو وڵاتە بۆ پاراستنی لە سزادان، ناچنە چوارچێوەی ئازادییەوە و دەبێت تۆمەتبار سزابدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش داوا دەکات واژۆی ملیۆنی بۆ سەرکۆنەکردنی ئەو روداوە کۆبکرێتەوە و رادەستی باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا بکرێت.
ناڕەزایی مسوڵمانانی لە سەرانسەری جیهاندا لێکەوتەوە
ڕاسموس پالودان، سیاسەتمەداری ڕاستڕەوی توندڕەو رۆژی شەممەی رابردو لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە پایتەختی سوید، ئاگری لە کۆپییەکی (قورئان) بەردا و ئەوەش ناڕەزایی مسوڵمانانی لە سەرانسەری جیهاندا لێکەوتەوە.