نرخی نەوت بۆ 87 دۆلار دادەبەزێت

08:33 - 23/01/2023

1370جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەهۆی هاتنی سەری ساڵی چینی و پشوەکانی ئەو وڵاتەوە کە گەورەین هاوردەکاری نەوتە لە جیهاندا، ئەمڕۆ بەهای هەر بەرمیلێک نه‌وتی برێنت دابەزی و بە 87  دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی برێنت گه‌یشته‌ 87.40 دۆلار

ئه‌مڕۆ له‌ بۆرسه‌ی جیهانی، نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی برێنت نزیکەی 0.26%ـی بەهاکەی لەدەستدا و گه‌یشته‌ 87.40 دۆلاری ئه‌مریكی، هه‌روه‌ها نرخی بەرمیلێک نه‌وتی تێكساسی ئه‌مریكاش به‌رامبه‌ره‌ به‌ 81.45 دۆلار.

خواستی چین لەسەر کڕینی نەوت زیاد دەکات

هۆکاری دابەزینی بەهای نەوت بۆ هاتنی سەری ساڵی چینی و پشوەکانی ئەو وڵاتە دەگەرێتەوە، کە بەهۆیەوە چالاکی پیشەسازی کەمتر ئەنجام دەدرێت و خواستیش لەسەر نەوت کەمتر دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا نرخی نەوت توانیویەتی پارێزگاری لە ئاستە بەرزەکەی بکات، چونکە رێکخراوی ئۆپیک پێشبینی کردوە دوای پشوەکان، چین رۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر هاوردە بکات و دامەزراوە پیشەسازییەکانی وڵاتەکەی چالاک بکاتەوە.

لە ساڵی نوێشدا نرخی نەوت بەرزی و نزمی بەخۆیەوە دەبینێت

شارەزایانی بواری نەوت دەڵێن، پێشبینی دەکرێت ساڵی 2023 بەهۆی ناجێگیری دۆخی سیاسی لە ژمارەیەک وڵات و ناوچەی جیهاندا، بەهای نەوت هاوشێوەی ساڵی رابردو ناجێگیربێت و نرخەکەی بەگوێرەی روداو و گۆڕانکارییەکان، بەرزی و نزمی بەخۆیەوە دەبینێت.

نیشانەکردن

نەوت