خەندان-
رێکخراوی ئۆکسفام لە دوایین راپۆرتی خۆیدا رایدەگەیەنێت، لە دو ساڵی رابردودا سامانی نوێی جیهان بەڕێژەی 42 تریلیۆن دۆلار زیادیکردوە و لەو رێژەیەش دو لەسەر سێی (28 تریلیۆن دۆلار) بۆ 1%ـی دەوڵەمەندترین کەسەکانی جیهان بوە، جەختیش دەکاتەوە کە ئەگەر 5%ی ئەو داهاتە وەک باج لە دەوڵەمەندەکان وەربگیرێت، هەژاری لە جیهاندا کۆتایی دێت.
دو لەسەر سێی سامانی نوێیان بۆ خۆیان بردوە کە بەهاکەی 42 تریلیۆن دۆلارە
رێکخراوی ئۆکسفام کە هاوپەیمانییەکی نێوان 21 رێکخراوی خێرخوازییە لە جیهان بۆ یەکخستنی هەوڵەکانی نەهێشتنی هەژاری، لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردوە، "1%ـی دەوڵەمەندترینەکانی جیهان، دو لەسەر سێی سامانی نوێی جیهانیان بۆ خۆیان بردوە کە بەهاکەی 42 تریلیۆن دۆلارە و لە 2020ەوە ئەو سامانە دروستبوە".
لە دەیەی رابردودا، نیوەی سامانی جیهان بۆ 1%ـی دەوڵەمەندترینەکان بوە
ئەوەشی خستوەتەڕو، نزیکەی دو هێندەی ئەو پارەیە، دەبێت بە 99% ـی پارەی خەڵک لە جیهاندا، ئەوە جگەلەوەی لە دەیەی رابردوشدا 1%ـی دەوڵەمەندترین کەسەکانی جیهان نیوەی سامانی نوێیان بۆ خۆیان بردوە.
5%ی ئەو داهاتە وەک باج لە دەوڵەمەندەکان وەربگیرێت، هەژاری لە جیهاندا کۆتایی دێت
رێکخراوی ئۆکسفام دەڵێت، ئەگەر 5%ـی باج لەسەر ملیۆنێر و ملیاردێرەکان دابنرێت، وا دەکات ساڵانە 1.7 تریلیۆن دۆلار کۆبکرێتەوە، ئەو بڕە پارەیەش بەسە بۆ کۆتاییهێنان بە هەژاریی دو ملیار کەس لە جیهاندا.