خه‌ندان-
شاره‌زایه‌كی بواری كه‌شناسی راگه‌یاند، هه‌فته‌ی كۆتایی ئه‌م مانگه شه‌پۆلێكی نوێی به‌فر و بارانبارین رو له‌ناوچه جیاجیاكانی هه‌رێم ده‌كات و پله‌كانی گه‌رماش به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو نزمده‌بنه‌وه، "كۆتایی به‌خراپی دابارین دێت كه ماوه‌ی نزیك مانگێكه باران له‌سنوری دهۆك و به‌شێكی سنوری هه‌ولێر كه‌مه".
شاڵاو هیدایه‌ت شاره‌زای كه‌شناسی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه وێنه‌یه‌كی بۆ خه‌ندان نێردراوه رایگه‌یاندوه، "له‌مه‌ودای هه‌فته‌ی كۆتایی ئه‌م مانگه‌وه و شه‌پۆله‌كانی باران و به‌فربارین به‌ڕوی ناوچه‌كه‌دا ده‌كرێنه‌وه و ته‌ڕی كه‌ش و داباراناوی له‌هه‌مو ناوچه‌كان ده‌ستپێده‌كاته‌وه، ئه‌مجاره بۆ دهۆك و هه‌ولێریش زۆر باش ده‌بێته‌وه، كۆتایی به‌خراپی دابارین دێت كه ماوه‌ی نزیك مانگێكه باران له‌سنوری دهۆك و به‌شێكی سنوری هه‌ولێر كه‌مه".
هه‌فته‌ی كۆتایی و مانگی (شوبات/2) ئه‌گه‌ری به‌فربارینی زۆر باش هه‌یه
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، "هه‌فته‌ی كۆتایی و مانگی (شوبات/2) ئه‌گه‌ری به‌فربارینی زۆر باش بۆ ناوچه شاخاویه‌كان هه‌یه له‌گه‌ڵ شۆڕبونه‌وه‌ی به‌ره‌و سه‌نته‌ره‌كانیش به‌كاریگه‌ری جیاواز".
ماوه‌یه‌كی زۆره به‌تایبه‌ت له ناوچه‌كانی وڵاتی توركیا و سنوری ناوچه‌كانی پارێزگای دهۆك و هه‌ولێر كه‌شێكی وشك باڵاده‌سته
له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه، ئاراس جه‌بار شاره‌زای كه‌شناسی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، "به‌گوێره‌ی پێشبینیه‌كان ئه‌گه‌ری زۆره له كۆتاییه‌كانی ئه‌م مانگه بۆ سه‌ره‌تای مانگی ئاینده شه‌پۆلێكی چڕی بارانبارین سه‌رتاسه‌ری ناوچه‌كانمان بگرێته‌وه كه ماوه‌یه‌كی زۆره به‌تایبه‌ت له ناوچه‌كانی وڵاتی توركیا و سنوری ناوچه‌كانی پارێزگای دهۆك و هه‌ولێر كه‌شێكی وشك باڵاده‌سته، به‌هۆی به‌رده‌وامی كاریگه‌ری سیستمی به‌رزه‌پاڵه‌په‌ستۆكان له‌سه‌ر ناوه‌ڕاست و رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا كه به هه‌مانشێوه كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌شی زۆربه‌ی ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت، به پێچه‌وانه‌وه له ناوچه‌كانی باشوری هه‌رێم و ناوه‌ڕاست و باشوری عێراق بارانبارینی تا ئه‌مكاته‌ی ساڵ، له دو ساڵی ڕابردو به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو زیاتر بوه".
پێشبینی بارانێكی باش ده‌كرێت له‌گه‌ڵ بارینی به‌فرێكی زۆریش له‌ناوچه شاخاویه‌كان
باسی له‌وه‌شكردوه، "پێشبینی بارانێكی باش ده‌كرێت له‌گه‌ڵ بارینی به‌فرێكی زۆریش له‌ناوچه شاخاویه‌كاندا، ئه‌گه‌ریشی هه‌یه به‌فر له سه‌نته‌ری هه‌ندێك له‌شاره‌كان ببارێت، به‌ڵام ماوه‌كه‌ی دوره تا ئێستا له‌م باره‌یه‌وه دۆخه‌كه ڕون نیه".