هێڵێکی گواستنەوەی غاز لە نێوان لیتوانیا و لاتیڤیا دەتەقێتەوە

10:24 - 13/01/2023

2804جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمشەو بۆرییەکی غاز لە نێوان لیتوانیا و لاتیڤیا لە ئەوروپا تەقییەوە و بەوهۆیەش چەند گوندێکی  نزیک لە شوێنی روداوەکە چۆڵکراون، پۆلیسی لیتوانیاش دەڵێت، تەقینەوەکە روداوێکی ئاسایی نییە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردوە لەسەر گومانی ئەو لایەنەی کە رەنگە لە پشت تەقینەوەکە بێت.

تەقینەوەکە نزیک بوە لە شاری پاسڤاڵسی لیتوانییەوە
ماڵپەڕی سکای نیوز لە راپۆرتێکدا دەڵێت، ئەو ناوچەیەی تەقینەوەکەی تێدا رویداوە نزیکە لە شاری پاسڤاڵسی لیتوانییەوە و 65 هەزار کەسی تێدا دەژی، لە روداوەکەشدا ئاگرێکی گەورە کەوتوەتەوە و بەوهۆیەش پۆلیسی وڵاتەکە ناچار بوە چەند گوندێک لە دانیشتوانەکەی چۆڵ بکات.
ئاگری تەقینەوەکە لەلایەن هاوڵاتیانەوە لە دوری 17 کیلۆمەترەوە بینراوە
ئاماژەی بەوەشکردوە، تائێستا بەهۆی روداوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئاگرەکە نزیکەی 50 مەتر بەرزبوەتەوە لەلایەن هاوڵاتیانەوە لە دوری 17 کیلۆمەترەوە بینراوە، لەم کاتەشدا لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تەقینەوەکە دەکرێت.
تەقینەوەکە شتێک نییە کە بە شێوەیەکی ئاسایی بەسەر بۆرییەکاندا ڕوبدات
لە شوێنی روداوەکە دو هێڵی گواستنەوەی غاز بونیان هەیە و تەقینەوەکە تەنها لە یەکێک لە بۆرییەکاندا رویداوە، هەرچەندە بەرپرسانی لیتوانیا دەڵێن، لێکۆڵینەوە لە روداوەکە بەردەوامە، بەڵام تەقینەوەکە شتێک نییە کە بە شێوەیەکی ئاسایی بەسەر بۆرییەکاندا ڕوبدات، بۆیە گریمانەی ئەوە دەکەن هەندێک پاڵنەری "ترسناک لە پشتیەوە هەبێت."

نیشانەکردن

غاز ئەوروپا