خه‌ندان-
سەرۆک وەزیرانی سوید رایگەیاند، تورکیا کە لە مانگی 5ی ساڵی رابردوه‌وه رێگری لە ئه‌ندامبونی سوید و فینلاند له ناتۆ ده‌كات، هه‌ندێك داواكاری له‌وباره‌یه‌وه پێشكه‌ش كردوه به‌ڵام ناتوانرێت قبوڵ بكرێت.
ئولف کریستسۆن، سەرۆک وەزیرانی سوید لە میانی کۆنفرانسی بەرگری و ئاسایش بە ئامادەبونی جێنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری رێكخراوی هاوپه‌یمانی باكوری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ) رایگه‌یاند، "باوه‌ڕمان هەیە ئه‌وه‌ی توركیا داوای لێكردوین جێبه‌جێمان كردوه، به‌ڵام هێشتا شتگەلێکی دەوێت کە ناتوانین و نامانەوێت بەدییان بهێنین".
ستۆکهۆڵم "رێوشوێنی ئەرێنی"ی گرتوەتەبەر، بەڵام ئەنقەرە چاوەڕێی "هەنگاوی گەورەی دیکە" دەکات
لە کۆتایی مانگی 12ی ساڵی رابردودا، مەولود چاوش‌ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ستۆکهۆڵم "رێوشوێنی ئەرێنی"ی گرتوەتەبەر، بەڵام ئەنقەرە چاوەڕێی "هەنگاوی گەورەی دیکە" دەکات بۆ کشانەوەی ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بە پەیوەستبونی سوید بە ناتۆوه.
رەنگە سوید و فینلاند لە ساڵی 2023ەوە پەیوەندی بە ناتۆوە بکە
لایخۆیەوە سکرتێری گشتی ناتۆ رایگەیاند، رەنگە سوید و فینلاند لە ساڵی 2023ەوە پەیوەندی بە ناتۆوە بکەن، بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە بڕیارەکە پەیوەستە بە پەرلەمانی تورکیا و هەنگاریا، ئەم هەڵوێستانە دوای چەند ڕۆژێک هاتن کە دادگای باڵای سوید رەتیکردەوە ڕۆژنامەنوسی تورکیا بولێنت کێنیش دیپۆرت بکاتەوە، کە رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری توركیا داوای رادەستکردنەوەی دەکات.
تائێستا پەرلەمانی تورکیا و هەنگاریا پەیوەستبونی سوید و فینلاندیان بە ناتۆوە پەسەند نەکردوه.
جێبەجێکردنی مەرجەکانی ناو یاداشتەکە لە قۆناغی تەواودایە، ئێمەش وردە وردە بەرەوپێش دەچین
تۆبیاس بێڵسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوید لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند، رەوتی جێبەجێکردنی ئەو یاداشتەی لە نێوان تورکیا، سوید و فینلاند هه‌یه کۆتایی پێهاتوە، "ناتوانم خشتەی کاتی لێرە و ئێستا بخەمەڕو، بەڵام جێبەجێکردنی مەرجەکانی ناو یاداشتەکە لە قۆناغی تەواودایە، ئێمەش وردە وردە بەرەوپێش دەچین".
فینلاند هیچ پەلەیەکی نییە لە پەیوەندیکردن بە ناتۆوە
لایخۆیەوە، پێکا هاڤیستۆ، وەزیری دەرەوەی فینلاند پشتڕاستی کردەوە کە وڵاتەکەی دەچێتە ناو ناتۆوە، لەگەڵ سویدی دراوسێی وڵاتەکەی و وتی، "فینلاند هیچ پەلەیەکی نییە لە پەیوەندیکردن بە ناتۆوە، بەجۆرێک کە ناتوانین چاوەڕێی ڕەزامەندی سوید بکەین".
چاوه‌ڕوان ده‌كرێت سه‌رۆكی په‌رله‌مانی سوید و فینلاند له ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌دا سه‌ردانی ئه‌نقه‌ره بكه‌ن
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت سه‌رۆكی په‌رله‌مانی سوید و فینلاند له ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌دا سه‌ردانی ئه‌نقه‌ره بكه‌ن و له به‌هاری ئه‌مساڵیشدا دیدارێكی دیكه‌ی بەرپرسانی ئەو سێ وڵاتە بەڕێوەده‌چێت.
ئۆلف کریستسۆن، سەرۆک وەزیرانی سوید کە سەرۆکایەتی حکومەتێکی "کۆنەپەرست" دەکات، لە سەرەتای مانگی 11ی ساڵی رابردودا یه‌كه‌مین سه‌ردانی بۆ ئه‌نقه‌ره ئه‌نجامدا، ئه‌وه‌ش له‌چوارچێوه‌ی هه‌وڵێكدا بۆ راگرتنی ناڕه‌زاییه‌كانی حكومه‌تی توركیا.