خه‌ندان-
سه‌رۆك ئۆكرانیا رایده‌گه‌یه‌نێت، سوپای روسیا تاكتیكی هێرشكردنی له‌م جه‌نگه‌یدا گۆڕیوه و له ئێستا له رێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی Shahed-136 هێرشه‌كانی بۆسه‌ر وڵاته‌كه‌ی چڕكردوه‌ته‌وه و ده‌شڵێت، "هه‌مو هه‌وڵێكی خۆمان دەده‌ین له پێناو ئه‌وه‌ی ئه‌م ئامانجه تیرۆریستیه‌ی روسیا شكستپێبهێنین".
ڤۆلۆدمیر زلێنسكی سه‌رۆك ئۆكرانیا له وتارێكدا رایگه‌یاند، "سوپای روسیا نیازی هه‌یه هێرشه ئاسمانییه‌كانی له رێگه‌ی Shahed-136-ەوە بۆ ماوه‌یه‌كی دورودرێژ ئه‌نجامبدات و ته‌نها هێرشه درۆنییه‌كان بۆسه‌ر وڵاته‌كه‌مان ئه‌نجامبدات".
تا ئێستا زیاتر له 80 فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی سوپای روسیا خراونه‌ته‌خواره‌وه
وتیشی، "تاكتیكی مۆسكۆ، ماندوكردنی دانیشتوانی ئۆكرانیا و به‌رگری ئاسمانی وڵات و سیسته‌می وزه‌یه و ته‌نها دو ڕۆژ به‌سه‌ر ساڵی نوێ‌دا تێپه‌ڕیوه، به‌ڵام تا ئێستا زیاتر له 80 فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی سوپای روسیا له ئاسمانی شار و شارۆچكه‌كانی وڵاته‌كه‌مان خراونه‌ته‌خواره‌وه".
هه‌مو هه‌وڵێكی خۆمان دەده‌ین له پێناو ئه‌وه‌ی ئه‌م ئامانجه تیرۆریستیه‌ی روسیا شكستپێبهێنین
سه‌رۆكی ئۆكرانیا باسی له‌وه‌شكردوه، "به‌م نزیكانه، ڕه‌نگه به‌هۆی هێرشه ئاسمانییه درۆنییه‌كانی روسیاوه ئه‌م ئاماره له به‌رزبونه‌وه‌ی زیاتردا بێت و ڕه‌نگه روسیا گره‌وی له‌سه‌ر ماندوكردنی ئێمه كردبێت، به‌ڵام ده‌بێت هه‌مو هه‌وڵێكی خۆمان بده‌ین له پێناو ئه‌وه‌ی ئه‌م ئامانجه‌ی تیرۆریستیه وه‌ك هه‌مو هه‌وڵه‌كانی دیكه‌ی شكستپێبهێنین".
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكایه، وه‌زاره‌تی به‌رگری ئۆكرانیا رایگه‌یاندبو، ته‌نها له 24 كاتژمێری رابردودا له رێگه‌ی سیستمی به‌رگری ئاسمانی وڵاته‌كه‌یانه‌وه زیاتر له 40 فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانه‌ی سوپای روسیایان خستوه‌ته‌خواره‌وه.