خەندان-
سندوقی دراوی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ بۆ جیهان ساڵێکی ئابوری سەخت بێت ئەویش بەهۆکاری ئەوەی وڵاتە گەورەکانی جیهان لەبواری ئابوریدا لەوانەش ئەمریکا، چین و یەکێتی ئەوروپا روبەڕوی چەندین ئاستەنگی بونەتەوە و چالاکییە ئابورییەکانیان ڕوی لەلاوازی کردوە.
پێشبینی دەکات ئەمساڵ بۆ جیهان ساڵێکی ئابوری سەخت بێت
کریستالینا جۆرجیفا، سەرۆکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەوەی ئابوری وڵاتە گەورەکانی جیهان لەوانەش ئەمریکا، ئەوروپا و چین گەشەی ئابورییان دابەزیوە، بۆیە پێشبینی دەکات ئەمساڵ بۆ جیهان ساڵێکی ئابوری سەخت بێت.
سێ ئابورییە گەورەکە، گەشەیان خاو بوەتەوە
ئەوەشی خستوەتەڕو، بەگوێرەی داتاکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ئابوری ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا و چین کە سێ گەورەترین ئابوری جیهانن، هەرسێکیان گەشەی ئابورییان خاو بوەتەوە.
عێراق چیتر دەرفەتی خۆگونجاندنی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی جیهان لەبەردەم نامێنێت
29ی ئەم مانگەش بەرنامەی گەشەپێدان لە بانکی نێودەوڵەتی رایگەیاند، تا دێت لە جیهاندا پشت بەستن بە نەوت و غاز وەک سەرچاوەی وزە کەمتر دەبێتەوە و لەجێگەی ئەوان وزەی دۆستی ژینگە (وزەی خۆر و با) زیاتر دەبێت، بۆیە ئەگەر عێراق ئابوری وڵاتەکەی هەمەجۆر نەکات و تەنها پشت بە یەک داهات ببەستێت، چیتر دەرفەتی خۆگونجاندنی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی جیهان لەبەردەم نامێنێت و گەشەی ئابورییەکەشی خاو دەبێتەوە.