سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كگرتو باسی سەرەتای "شکستھێنان"ی سودانی ده‌كات

08:35 - 30/12/2022

5574جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی سەرکردایەتی یە‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ راگرتنی به‌های دینار به‌رامبه‌ر به‌دۆلار سه‌ركه‌وتونه‌بێت، ئه‌وا ده‌بێته‌ سەرەتای "شکستھێنان"ی.

 ئەگەر سودانی سەرکەوتو نەبێت لە راگرتنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، دەبێتە سەرەتای شکستھێنانی
هادی عه‌لی، سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی سەرکردایەتی یە‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان له‌ تویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر رایگه‌یاندوه‌، "یەکەمین تاقیکردنەوە لە بەردەم محه‌مه‌د شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی نوێ، راگرتنی نرخی دینارە لە بەرامبەر دۆلار وەک خۆی پێش دەست بەکاربونی کابینەکەی، ئەگەر لەمەدا سەرکەوتو نەبێت، دەبێتە سەرەتای شکستھێنانی".
له‌ دو هه‌فته‌ی رابردودا به‌های دیناری عێراقی به‌رامبه‌ر به‌ دۆلار دابه‌زینێكی به‌رچاوی به‌خۆوه‌ بینی
له‌ماوه‌ی دو هه‌فته‌ی رابردودا به‌های دیناری عێراقی به‌رامبه‌ر به‌ دۆلار دابه‌زینێكی به‌رچاوی به‌خۆوه‌ بینی و به‌های 100 گه‌یشته‌ 159 هه‌زار دینار، به‌ڵام له‌ دو رۆژی رابردودا به‌هۆی چه‌ند رێكارێكی بانكی ناوه‌ندی عێراقه‌وه‌ به‌های دۆلار به‌رزبوه‌وه‌ و ئه‌مڕۆ 100 دۆلار به‌ 152 هه‌زار و 500 دینار له‌ بازاڕه‌كان مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كرا.
لەئێستادا نرخی بەرمیلێک نەوت لە بودجەدا بە (65) دۆلار دانراوە و لەوانەشە بگاتە (70) دۆلار
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراق (واع)ـی راگەیاندوە، تا ئێستا پڕۆژەیاسای بودجە نەنێردراوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام کارکردن لەسەر ئامادەکردنی بودجە بەردەوامە، بەجۆرێک لەئێستادا نرخی بەرمیلێک نەوت لە بودجەدا بە (65) دۆلار دانراوە و لەوانەشە بگاتە (70) دۆلار.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "قسەکردن سەبارەت بە سەپاندنی گەمارۆ و سنوردارکردنی کەرتی بانکی دورە لە راستییەوە، بەڵکو پلاتفۆرم و سیستمێکی هاوبەش لە نێوان بانکی فیدراڵی و بانکی ناوەندی عێراقی هەیە دەبو لە ساڵی (2018) جێبەجێبکرایە، بەڵام ئێستا خراوەتە کار، خستنەگەڕی ئەو پلاتفۆرمەش هۆکاری بەرزبونەوەی نرخی دۆلارە بەشێوەیەکی کاتی، بۆیە بەزوترین کات دۆخەکە دەچێتەوە باری ئاسایی".