بایدن و زلێنسكی لە کۆشی سپی کۆبونەوە؛ واشنتن هاوکارییەکانی بۆ کیێڤ زیاتر دەکات

10:53 - 21/12/2022

2113جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ لە  کۆشی سپی پێشوازی لە ڤۆلۆدمیر زلێنسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا کرد و رایگەیاند، وڵاتەکەی بڕیاریداوە بەبەهای 1.85 ملیار دۆلار هاوکاری زیاتر پێشکەش بە کیێڤ بکات و سیستمی موشەکی پاتریۆت-یش رادەستی سوپای ئۆکرانیا دەکرێت.

سوپاسی واشنتن دەکەم بەرامبەر هاوکارییە بەردەوامەکانی سوپای وڵاتەکەمان
ڤۆلۆدمیر زلێنسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا ئەمڕۆ دوای زیاتر لە 10 مانگ بەسەر هێرشەکانی سوپای روسیا بۆسەر وڵاتەکەی، بۆیەکەمجار سەردانی ئەمریکای کرد و لە کۆشکی سپی لەگەڵ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆبوەوە، لە لێدوانێکیشدا رایگەیاند، شانازییەکی گەورەیە کە ئەمڕۆ لە کۆشکی سپییە و دەیەوێت بەناوی گەلی ئۆکرانیاوە سوپاسی واشنتن بکات بەرامبەر هاوکارییە بەردەوامەکانی بۆ سوپای وڵاتەکەی.
شانازییەکی گەورەیە کە لێرەین
ئاماژەی بەوەشکرد، کیێڤ بۆ هەمیشە قەدری ئەو هاوکاری و هەماهەنگییە دەگرێت کە واشنتن بە درێژایی شەڕی روسیا پێشکەشی سوپای ئۆکرانیای کردوە و دەڵێن "قەدری ئەو هاوکارییەتان دەزانین. پێموایە بەڕاستی قورسە لەوە تێبگەین کە ئێمە چی دەڵێین کاتێک دەڵێین قەدری ئەم هاوکاریانە دەزانین... شانازییەکی گەورەیە کە لێرەین."
ئەمریکا لەگەڵ خەڵکی ئۆکرانیا وەستاوە، ئێمە لەگەڵ ئێوە وەستاوین
لای خۆیەوە جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ئەوەی خستەڕو، بوێری و خۆڕاگری گەلی ئۆکرانیا "ئیلهامبەخش بو بۆ جیهان و بە سەرۆک زلێنسكی دەڵێم، ئەمریکا لەگەڵ خەڵکی ئۆکرانیا وەستاوە، ئێمە لەگەڵ ئێوە وەستاوین و تۆش سەرکردەیەکی گەورەیت".
 یەکەمین سەردانی زلێنسكییە بۆ دەرەوەی وڵات لە دوای هێرشەکانی روسیا 

سەردانەکەی ئەمڕۆی زلێنسكی بۆ واشنتن یەکەمین سەردانی ناوبراوە بۆ دەرەوەی وڵات لە دوای هێرشەکانی روسیا بۆسەر خاکی ئۆکرانیا لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، هەروەها لە کاتێکدا زۆرێک لە سەرکردەکانی دیکەی ڕۆژئاوا سەردانی سەرۆکی ئۆکرانیایان لە کیێڤ کردوە، بەڵام سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا "بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە" سەردانی سەرۆکی ئۆکرانیای نەکردوە.