خەندان-
سەرۆک کۆماری عێراق بۆ روداوەکەی شەوی رابردوی گوندێکی سەر بە قەزای خاڵسی پارێزگای دیالە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە نزیکەوە بەدواداچون بۆ هێرشەکە دەکات و داواش دەکات هەوڵی هەواڵگری، وریایی هێزە ئەمنییەکان و هاوپشتی هاوڵاتیان بەهێزتربکرێت تاوەکو روداوی هاوشێوە دوبارە نەبێتەوە.
بە وردی و بە بایەخێکی زۆرەوە بەدواداچون بۆ پەلامارە تیرۆریستییەکە دەکات
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال رەشید بە وردی و بە بایەخێکی زۆرەوە بەدواداچون بۆ هۆکار و "دەرئەنجامی پەلامارە تیرۆریستییە ترسنۆکانەی قەزای خالس دەکات کە بوە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک هاوڵاتی و برینداربونی ژمارەیەکی دیکە."
پەلامارێکی لەم جۆرە ترسنۆکی و شکستی باندە تیرۆریستییەکان دەردەخات
ئەوەشی خستوەتەڕو، "سەرۆک کۆمار دوپاتی دەکاتەوە کە پەلامارێکی لەم جۆرە ترسنۆکی و شکستی باندە تیرۆریستییەکان دەردەخات و هەروەها گوزارشتیشە لە پیلانی ئەو تاقمە تاوانکارییانەی کە مەرامیانە ململانێی تائیفی بخوڵقێنن کە گەلەکەمان لەو ململانێیە رزگاری بو دوای ئەوەی سەرکەوتنی مەزنی بەسەر تیرۆردا بەدەست هێناو و شار و گوندەکانی لە چنگی رەشی ئەوان ئازادکرد."
سەرۆک کۆمار جەخت دەکاتەوە لە بەهێزکردنی هەوڵی هەواڵگری و وریایی هێزە ئەمنییەکان
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق دەڵێت، "سەرۆک کۆمار جەخت دەکاتەوە لە بەهێزکردنی هەوڵی هەواڵگری و وریایی هێزە ئەمنییەکان و هاوپشتی هاوڵاتیان لە بەرامبەر هەر جموجۆڵێکی پاشماوەی تیرۆریستان کە وەڵامی چارەنوسسازە بۆ نەهێشتنی تیرۆریستان و چەسپاندنی ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی کە گەلەکەمان و هێزە ئازاکانمان بە قوربانیدانی ئازا و قارەمانێتی گەورەی خۆیان بەدەستیان هێنا."
پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان و خەڵکی ناوچەکە دەکات
سەرۆک کۆماری عێراق پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی شەهیدانی روداوەکەی دیالە دەکات و باسی لەوەشکردوە، "بۆ ئەو بۆنە خەمناکە، سەرۆک کۆمار پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان و خەڵکی ناوچەکە دەکات کە زیانیان بەرکەوتوە، داوا دەکات پەروەردگار شەهیدان بەر رەحمەتی خۆی بخات و هیوای هەرچی زو چاکبونەوەشی بۆ بریندارەکان خواست."
بەهۆیەوە هەشت کەس شەهیدبون
شەوى 19ى کانونى یەکەمى 2022، ژمارەیەک چەکدارى داعش هێرشیان کردەسەر گوندی ئەلبوبالی لە سنوری شارۆچکەی خاڵسی سەر بە پارێزگای دیالە، بەهۆیەوە هەشت کەس شەهیدبون کە سەرجەمیان سەر بە عەشیرەتى دلێم بون و سێ کەسی دیکەش بریندار بون.