سەڵاحەدین بابەکر: پارتی و یەکێتی گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی بەبێ یەکتری، ناتوانن هەرێم بەڕێوەبەرن

10:21 - 15/12/2022

2914جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

سەڵاحەدین بابەکر، کارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوی ئیسلامی كوردستان رایگه‌یاند، پارتی و یه‌كێتی گەیشتونەته‌ ئەو بڕوایەی ناتوانن بێیەکتری، ئیدارەیەکی سەرکەوتوانەی هەرێم بدەن، بەرژەوەندییان لە چارەسەرکردنی کێشەکانیانە، بەڵام ماوەتەوە سەر ئەوەی چۆن لە کۆبونەوەی نێوانیان ئەم ئیرادەیە بۆ کردار تەرجەمە دەکەن.

سەڵاحەدین بابەکر له‌باره‌ی كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاندوه‌، "شاندی پارتی باسیان لەوەکرد لە دوای کۆنگرەی حیزبەکەیانەوە، بڕیاری هەڵدانەوەی لاپەڕەی نوێ و پێداچونەوەیان داوە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان، ڕاشکاوانە بە شاند پارتییمان وت، کێشەکانتان لەگەڵ یەکێتی چارەسەر بکەن، چونکە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی".

پێویستە کێشەی نێوانتان لەگەڵ پارتی چارەسەر بکەن، تا لەوە زیاتر گرفت و قەیران بۆ خەڵک دروست نەبێت
ڕۆژی دوشەمەی ڕابردو، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش، سەردانی یەکگرتوی ئیسلامی کرد و لەگەڵ ئەمینداری گشتی ئەو حیزبە کۆبوەوە، لەو بارەیەوە سەڵاحەدین بابەکر وتی، "ئەمینداری یەکگرتو بە قوباد تاڵەبانی ڕاگەیاند، پێویستە کێشەی نێوانتان لەگەڵ پارتی چارەسەر بکەن، تا لەوە زیاتر گرفت و قەیران بۆ خەڵک دروست نەبێت، لەبری ململانێ، خزمەتگوزاری بۆ خەڵک فەراهەم بکەن".
پێمانوتن، ئێمە وەکو هێزێکی ئۆپۆزسیۆن حەز دەکەین کێشەی نێوانتان چارەسەر بکەن
کارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوی ئیسلامی نەیشاردەوە، یەکێتی و پارتی گلەییان لەیەکتری هەبوە، وتی، "پێمانوتن، ئێمە وەکو هێزێکی ئۆپۆزسیۆن حەز دەکەین کێشەی نێوانتان چارەسەر بکەن، چونکە خەڵکی کوردستان باجی ئەم بارودۆخە دەدات".
هەردولایان گەیشتبونە ئەو بڕوایەی ناتوانن بێیەکتری، ئیدارەیەکی سەرکەوتوانەی هەرێم بدەن
سەبارەت بەوەی هیچ ئیرادەیەکی سیاسییان بەدیکردوە لە شاندی پارتی بۆ چارەسەر کردنی کێشەی نێوانیان لەگەڵ یەکێتی، سەڵاحەدین بابەکر وتی، "هەردولایان گەیشتبونە ئەو بڕوایەی ناتوانن بێیەکتری، ئیدارەیەکی سەرکەوتوانەی هەرێم بدەن، بەرژەوەندییان لە چارەسەرکردنی کێشەکانیانە، بەڵام ماوەتەوە سەر ئەوەی چۆن لە کۆبونەوەی نێوانیان ئەم ئیرادەیە بۆ کردار تەرجەمە دەکەن".

سەڵاحەدین بابەکر ڕونیکردەوە، جنین پلاسخارتی نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکانیش چەندین جار داوای کۆتایی هێنانی بە زۆنی زەرد و سەوز کردوە، وتی، " پلاسخارت دوای سێ کۆبونەوە، نەیتوانی یەکێتی و پارتی قەناعەت پێ بکات، هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدەن و تەمەنی پەرلەمانیان درێژکردەوە، ئەمەش پلاسخارتی نیگەران کردوە".