خه‌ندان-
ڤۆلۆدمیر زلێنسكی سه‌رۆكی ئۆكرانیا ڕایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی كه ژێرخانی وزه‌ی به‌هۆی هێرشه‌كانی ڕوسیا زیانی پێگه‌یشتوه، پێویستی به نزیكه‌ی لانی كه‌م 800 ملیۆن یۆرۆ هه‌یه، وه‌ك هاوكارییه‌كی به‌په‌له بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌كانی دانیشتوان له وه‌رزی زستاندا، بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی تیرۆری وزه‌ش پێویستیان به 1.5 ملیار یۆرۆ هه‌یه.
ڤۆلۆدمیر زلێنسكی له میانه‌ی كردنه‌وه‌ی كۆنفڕانسێكی نێوده‌وڵه‌تی هاوسۆزی له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا كه له پاریس ڕێكده‌خرێت رایگه‌یاندوه، "چاكسازی له ژێرخانی ئۆكرانیا و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تیرۆری وزه پێویستی به یه‌ك ملیار و 500 ملیۆن یۆرۆ هه‌یه".
پێویستمان به چه‌ندین جۆری ئامێر و وێستگه‌ی كاره‌با و ئامێر هه‌یه بۆ چاككردنه‌وه‌ی تۆڕه‌كان و تۆرباینه‌كانی غاز
ڤۆلۆدمیر زلێنسكی كه له‌ڕێگه‌ی ئۆنلاینه‌وه به‌شداریكردوه باسی له‌وه‌شكردوه، "پێویستمان به چه‌ندین جۆری ئامێر و وێستگه‌ی كاره‌با و ئامێر هه‌یه بۆ چاككردنه‌وه‌ی تۆڕه‌كان و تۆرباینه‌كانی غاز، چونكه سیستمی وزه‌ی ئێمه لانیكه‌م تا كۆتایی وه‌رزی گه‌رمكردنه‌وه پێویستی به هاوكاری فریاگوزاری هه‌یه له سیستمی وزه‌ی ئه‌وروپی، واته هاورده‌كردنی كاره‌بامان له وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ ئۆكرانیا پێویسته، هه‌مو ئه‌مانه‌ش پێویستیان به 800 ملیۆن یۆرۆ هه‌یه نزیكه‌ی (842 ملیۆن دۆلار)".
ئێمه هه‌مو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تیرۆری وزه
زێلێنسكی ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو، "ئێمه هه‌مو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تیرۆری وزه، تێچوی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خێرای ژێرخانی له‌ناوچو به‌هۆی هێرشه‌كانی ڕوسیا به نزیكه‌ی یه‌ك ملیار و 500 ملیۆن یۆرۆ ده‌خه‌مڵێندرێت.
هێزه‌كانی ڕوسیا هه‌ڵمه‌تی له‌ناوبردنی سیستماتیكی ژێرخانی وزه‌یان ده‌ستپێكردوه
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه فڕه‌نسا كۆنفڕانسێكی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پشتیوانی ئۆكرانیا رێكخست، به وته‌ی ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ش، ئامانج له كۆنفڕانسه‌كه "یارمه‌تیدانی ئۆكرانییه‌كان بۆ تێپه‌ڕاندنی زستان"، له كاتێكدا هێزه‌كانی ڕوسیا هه‌ڵمه‌تی له‌ناوبردنی سیستماتیكی ژێرخانی وزه‌یان ده‌ستپێكردوه.
له چوارچێوه‌یه‌كی په‌یوه‌ندیداردا، ئیمانوێڵ ماكرۆن خواستی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی دوپاتكرده‌وه بۆ یارمه‌تیدانی ئۆكرانییه‌كان "بۆ به‌رگه‌گرتنی ئه‌م زستانه".