خهندان-
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگهیاند، سزا نوێیەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر ئێران، سوپای پاسداران دەکاتە ئامانج.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەمڕۆ دوشەممە رایگهیاندوه، "لهم پاکێجە نوێیهی سزاکانی یهكێتی ئهوروپا بە تایبەتی ئەو کەسانە دەکەینە ئامانج کە بەرپرسیارن لە لەسێدارەدان و توندوتیژی دژی کەسانی بێتاوان".
ئهو كهسانهی دهكرێنه ئامانج بهرپرسانی سوپای پاسدارانن
ئاماژهی بهوهشكردوه، "ئهو كهسانهی دهكرێنه ئامانج بهرپرسانی سوپای پاسدارانن، بەڵام ئەو کەسانەش دەگرێتەوە، کە لە ڕێگەی ڤیدیۆوه لهژێر فشاری ترساندن و سزاداندا دانپێدانان له خهڵك وهردهگرن".
ئەڵمانیا پێیواوه کە سزاكانی لهسێدارهدان هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ ترساندنی خەڵک
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دهڵێت، پێیواوه کە "سزاكانی لهسێدارهدان هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ ترساندنی خەڵک، نەک بۆ ئەوەی ڕێگرییان لێبکەن لە ئەنجامدانی تاوان، بەڵکو بۆ ئەوەی بۆچونەکانیان لە شەقام دەرنەبڕن، چونکە ئەوان تەنها دەیانەوێت بە ئازادی بژین".
یەکێتی ئەوروپا بڕیاریدا ژمارەیەک سزای "توند"ـی دیکە بەسەر ئێراندا بسەپێنێت
جۆزیف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ئەمڕۆ دوشەممە بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، یەکێتی ئەوروپا بڕیاریدا ژمارەیەک سزای "توند"ـی دیکە بەسەر ئێراندا بسەپێنێت بەهۆی "پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران"، سزاکانیش ژمارەیەک کەسایەتی و دامەزراوەی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە.
ئهو بهرپرسه باڵایهی ئهوروپا دهڵێت، هەروەها وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا تاوتوێی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر روسیا دەکەن کە زیاتر لە 200 کەسایەتی و دامەزراوەی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە.