هەواڵی ئەمڕۆ

ئایا لە کۆبونەوەی لوتکەی چین-وڵاتانی عەرەبی کێ نوێنەرایەتی عێراق دەکات

03:01 - 08/12/2022

2540جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سبەی هەینی لوتکەی چین و وڵاتانی عەرەبی لە ریازی پایتەختی سعودیە بەڕێوەدەچێت و تیایدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردولا لەبوارەکانی ئاسایش، ئابوری، وەبەرهێنان و گەشەپێدان دەکرێت، لەو کۆبونەوەیەشدا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران بە نوێنەرایەتی عێراق بەشداری دەکات.

ئامانجی سەردانەکە بەشداریکردنە لە  لوتکەی چین و وڵاتانی عەرەبی
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکرد، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران بەغدای بەرەو ریازی پایتەختی سعودیە جێهێشت، ئامانجی سەردانەکەش بەشداریکردنە لە  لوتکەی چین و وڵاتانی عەرەبی.
بەغدا بەشداری دەکات کە کۆبونەوەی لوتکەی وڵاتانی عەرەب و چین
پەیوەست بەم بابەتەش ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە لەدوایین کۆبونەوەیدا لەگەڵ باڵیۆزی چین، جەختیکردوەتەوە لەوەی بەغدا کاردەکات بۆ کۆتاییهێنان بەو قەیرانانەی کە ناوچەکەی گرتوەتەوە، هەروەها بۆ هەمو پرسە ئابوریی و ئەمنییەکانیش پشتیوانی لە دەستپێشخەری بونیادنەر دەکات بەجۆرێک لە بەرژەوەندی وڵاتاندا بێت.
سەرۆکی چین بەشداری لە سێ لوتکەی سیاسی دەکات
دوێنێ شی جینپینگ، سەرۆکی چین بە سەردانێکی سێ رۆژە گەیشتە سعودیە و لەلایەن سەلمان بن عەبدولعەزیز، پادشای سعودیەوە پێشوازی لێکرا، لە سەردانەکەیدا بۆ ریاز سەرۆکی چین بەشداری سێ لوتکەی سیاسی دەکات کە تایبەتن بە گەشەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی.
لوتکەی ریاز بەبەشداری سەرۆکی چین و سەرکردەکانی کەنداو بەڕێوەدەچێت
سەرۆکی چین بەشداری لە کۆبونەوەی لوتکەی ریازیش دەکات کە بەبەشداری سەرکردەکانی کەنداو بەڕێوەدەچێت و بە لوتکەی  چین-کەنداو ناو دەبرێت بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکان، هەروەها سێیەمین کۆبونەوەی لوتکە کە لەو سێ رۆژەدا لە سعودیە ساز دەکرێت، بریتییە لە کۆبونەوەی لوتکەی سەرۆکی چین و وڵاتانی عەرەبی بۆ هەماهەنگی و گەشەپێدان.

نیشانەکردن

عێراق

بەپەلە