هەواڵی ئەمڕۆ

ئەمریکا: نامانەوێت تورکیا ئۆپراسیۆنی سەربازی لە باکوری سوریا ئەنجام بدات

09:08 - 08/12/2022

3445جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئه‌مریكا رایگەیاند، وڵاتەکەیان لەگەڵ ئەوەدا نییە تورکیا بەهۆکاری روبەڕوبونەوەی تیرۆر، ئۆپراسیۆنی سەرباز لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام بدات، لەگەڵ ئەوەشدا مافی ئەوە بە تورکیا دەدەن کە بتوانێت بەرگری لە ئاسایشی گەلەکەی بکات.

ئەو ئۆپراسیۆنە دەبێتەهۆی دروستکردنی مەترسی لەسەر هاوڵاتیانی مەدەنی 

جۆن كێربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئه‌مریكا ئەمڕۆ پێنجشەممە بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، واشنتن نایەوێت ئۆپراسیۆنی سەربازی لە سوریا ئەنجام بدرێت،  چونکە ئەو ئۆپراسیۆنە دەبێتەهۆی دروستکردنی مەترسی لەسەر هاوڵاتیانی مەدەنی و سەربازانی ئەمریکا لە سوریا.

لەو باوەڕەدا نین ئۆپراسیۆنی سەربازی لە باکوری سوریا باشترین رێگەبێت

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەرچەندە ئێمە دان بە مافی تورکیادا دەنێیین بۆ بەرگری لە ئاسایشی وڵاتەکەی، بەڵام لەو باوەڕەدا نین ئۆپراسیۆنی سەربازی لە باکوری سوریا باشترین رێگەبێت بۆ نەهێشتنی ئەو هەڕەشەیە".

تورکیا مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئه‌مریكا وتیشی، "تورکیا مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات، بەتایبەت دژی تیرۆرزم".

دەستکەوتەکانی دژی تیرۆریش دەخاتە مەترسییەوە

پێشوتریش وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاندبو، هۆشداری دەدات لە مەترسییەکانی هەر کردەیەکی سەربازی لە باکوری سوریا چونکە کاریگەری لەسەر شەڕی دژی داعش دەبێت و دەستکەوتەکانی دژی تیرۆریش دەخاتە مەترسییەوە.

واشنتن پێویستە هەڵوێستی بەهێزتری هەبێت بەرامبەر هەڕەشەکانی ئەنقەرە

لای خۆیەوە هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاندوە، ئەوان مامەڵەی هاوشێوە دەکەن بەرامبەر ئەگەری هێرشی تورکیا بۆسەر ناوچەکانیان، لە هەمو دۆخێکیشدا ئامادەن بۆ بەرگریکردن لە ناوچەکانیان و داواش لە واشنتن دەکەن هەڵوێستی بەهێزتری هەبێت بەرامبەر هەڕەشەکانی ئەنقەرە.

بەپەلە