دەرباز كۆسرەت رەسوڵ: هەولێر و هەولێرییەكان رۆڵ و پێگەی گرنگیان لەنێو یەكێتیی هەیە

03:24 - 05/12/2022

1641جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی رایگەیاند، یەکێتی لەناو خۆیدا جەخت دەکاتەوە لە گەشەدان بە نوێبونەوە، چالاکتربون و ژیانەوەی کاروباری حزبی، هەروەك جەختیش لە گرنگی رۆڵ و پێگەی هەولێرو هەولێرییەكان لەنێو حزبەکەیدا دەکاتەوە.

باس لە پەیوەندی یەكێتیی لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسییەكانی هەرێم کرا 

دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەمڕۆ لە کۆبونەوەیدا لەگەڵ بەشێک لە کادرانی حزبەکەی لەهەولێر وتەیەکی لەسەر كاروباری یەکێتی و كارەكانی سنوری مەڵبەندی هەولێر، دۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق، پەیوەندی یەكێتیی لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسییەكانی هەرێم و عێراق پێشكەشی ئامادەبوان كرد و دیدو تێڕوانینی یەكێتیی لەبارەیانەوە خستەڕو.

جەخت لە گرنگی رۆڵ و پێگەی هەولێرو هەولێرییەكان لەنێو یەكێتیی كرایەوە

لە راگەیەنراوی کۆبونەوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕو، "كۆبونەوەكە تەرخانكرا بۆ كاروباری حزبی و ئۆرگانەكان، ئامادەبوان هاوڕابون كە ژیانی حزبایەتی گەشەی زیاتری پێ بدرێت و ئۆرگانەكان چالاكانەتر كاربكەن، هەروەك جەخت لە گرنگی رۆڵ و پێگەی هەولێرو هەولێرییەكان لەنێو یەكێتیی كرایەوە."

یاسای ھەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە و نابێت ئیرادەی ھێزێک فەرز بکرێت

پەیوەست بە ئامانجی سیاسی یەکێتیش بۆ قۆناغی داهاتو، پێشتر دەرباز کۆسرەت رەسوڵ لە وتارێکدا بۆ لایەنگرانی حزبەکەی لە هەولێر باسی لەوەکردبو، لەئێستادا یەکێتی ھێزی سەرەکییە لە عێراق و حزبەکەشیان پڕۆژەیەکی فراوانی هەیە بۆ دەستبەرکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان، هەروەها بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان یەکێتی مەرجی ئەوەیە یاسای ھەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە و نابێت ئیرادەی ھێزێک فەرز بکرێت.

 بە گرنگی دەزانین لایەنەکانی هەرێم یەک پڕۆژەی هاوبەشیان هەبێت لە بەغدا 

ئاماژەی بەوەشکردبو، حزبەکەی لە بەغدا پۆستی بەلاوە گرنگ نیە، بەڵکو دۆسییەکانی خاک، داهات، پێشمەرگە و کەرکوک تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی یەکێتی و لایەنەکانی دیکەی عێراق بوە، بۆ ئەم قۆناغەش بە گرنگی دەزانن لایەنەکانی هەرێم یەک پڕۆژەی هاوبەشیان هەبێت لە بەغدا و هەموان بەیەکەوە کار بۆ داخوازییەکانی ھاوڵاتیانی کوردستان بکەن.

نیشانەکردن

یەکێتی