400 هەزار دۆلار بۆ "دانپێدانانی کۆمەڵکوژی کورد لەئاستی نێودەوڵەتی" تەرخان دەکرێت

02:49 - 05/12/2022

1919جار خوێندراوەتەوە

گەڕانەوەی روفاتی ئەنفالکراوان

خەندان-

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی ناساندن و دانپێدانانی کۆمەڵکوژی کورد لەئاستی نێودەوڵەتی، گرێبەستێک لەگەڵ دەزگای (KG Lobby Center) ئەنجام دەدات بە گوژمەی 378,600 یۆرۆ (400 هەزار دۆلار)، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، دەزگایەک بەناوی (کەی جی لۆبی سێنتەر) بونی نییەو "ئەم بابەتەش جگەلە سپیکردنەوەی پارە و پارە خواردن زیاتر شتێکی دیکە نیە".

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و دەزگای(KG Lobby Center) رێککەوتنێک واژۆ دەکەن 

بەگوێرەی بڕیارێکی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کە رۆژی 13ی مانگی رابردو دەرچوەو ئاڕاستەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کراوە، رەزامەندی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران وەرگیراوە بۆ ئەنجامدانی گرێبەستێک لەنێوان وەزارەتی کاروباری شەهیدان، دەزگای دانپێدانانی کۆمەڵکوژی کورد لەگەڵ دەزگای (KG Lobby Center).

گرێبەستەکە بەمەبەستی ناساندنی کۆمەڵکوژی کورد لەئاستی نێودەوڵەتیە

لە نوسراوەکەدا باس لەوەکراوە، گرێبەستەکە بە گوژمەی (378,600) یۆرۆ بە چوار قۆناغ خەرج دەکرێت، بەمەبەستی ناساندنی کۆمەڵکوژی کورد لەئاستی نێودەوڵەتی.

حکومەت گرێبەست لەگەڵ ڕێکخراوێک دەکات، کە بونی نییە!

پەیوەست بەم بابەتەش کاروان گەزنەیی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "حکومەت بۆ ناساندنی کۆمەڵکوژییەکانی کوردستان، گرێبەست لەگەڵ ڕێکخراوێک دەکات، کە بونی نیە!.. حکومەتی هەرێم لەگەڵ ڕێکخراوی (کەی جی لۆبی سێنتەر) گرێبەستێکی کردوە بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی نێودەوڵەتی لەسەر کەیسی کۆمەڵکوژییەکانی کوردستان؛ لەکاتێکدا ئەم ڕێکخراوە هەر بونی نییە".

ئەم بابەتە جگەلە سپیکردنەوەی پارە و پارە خواردن زیاتر شتێکی دیکە نیە

ئەوەشی خستوەتەرو، "ئەم بابەتە جگەلە سپیکردنەوەی پارە و پارە خواردن زیاتر شتێکی دیکە نیە. هەمو ڕێکارە پەرلەمانییەکانمان گرتوەتە بەر، و ئیتر ڕێکاری یاسایی دەگرینە بەر لەهەمبەر ئەو کەیسە."