خه‌ندان-
ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆك كۆماری توركیا، ئه‌مڕۆ شه‌ممه هێرشیكرده سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی ڕوبه‌ڕوی حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی ده‌كرێنه‌وه و راشیگه‌یاند، "ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی زه‌مینی بۆ سه‌ر باكوری عێراق و سوریا ده‌ستپێده‌كه‌ین و به‌قوڵایی 30 كیلۆمه‌تر ده‌چینه ناو ئه‌و دو وڵاته‌وه".
ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا كه میدیاكانی توركیا بڵاویانكردۆته‌وه رایگه‌یاندوه، "وڵاته‌كه‌ی ئه‌و 30 كیلۆمه‌تره‌ی ده‌یه‌وێت له چوارچێوه‌ی ناوچه‌كانی عێراق و سوریا به‌ده‌ستی ده‌هێنێت".
ڕێڕه‌وی ئه‌منیی به قوڵایی 30 كیلۆمه‌تر له سنوره‌كانی ڕۆژئاوامان ده‌ستده‌كه‌وێت
سه‌رۆك كۆماری توركیا باسی له‌وه‌شكرد، "به دڵنیاییه‌وه ڕێڕه‌وی ئه‌منیی به قوڵایی 30 كیلۆمه‌تر له سنوره‌كانی ڕۆژئاوامان ده‌ستده‌كه‌وێت و هیچ هێزێك له جیهاندا نییه كه ڕێگریمان لێ بكات له‌و كاره".
ناتوانایی وڵاتانی دراوسێ له پاراستنی ئاسایشی خۆیان و مانه‌وه‌ی لاوازیان ڕێگه‌ی به بونی ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی داوه
سه‌رۆكی توركیا به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ هێرشیكرده سه‌ر حكومه‌تی عێراق و سوریا و ڕایگه‌یاند، "ناتوانایی وڵاتانی دراوسێ له پاراستنی ئاسایشی خۆیان و مانه‌وه‌ی لاوازیان ڕێگه‌ی به بونی ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی داوه كه كۆنتڕۆڵیان وڵاته‌كه‌یانی كردوه".
ئه‌ردۆگان باسی له‌وه‌شكرد، "ئه‌م ده‌ستێوه‌ردانانه له‌لایه‌ن ئه‌و لایه‌نانه‌وه ئه‌نجامده‌درێن كه ڕه‌خنه له ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی توركیا ده‌گرن، بۆ هیچی تر جگه له ترس له ئه‌جێندای ئابورییه‌كه‌ی له‌و وڵاتانه نیه، بۆیه ئێمه جه‌خت له‌سه‌ر ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه زهمینیهكانیمان له عێراق و سوریا ده‌كه‌ینه‌وه".
توركیا به‌بێ گوێدانه نیگه‌رانیه‌كانی روسیا و ئه‌مریكا به‌رده‌وامه له‌كۆكردنه‌وه‌ی هێز له‌ناوچه سنوریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و رۆژئاڤای كوردستان به‌بیانوی هێرشكردنه سه‌ر گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) له هه‌رێم، هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده) له رۆژئاڤا.