یەكێتی: بۆ گەیشتن بە ئامانجە باڵاكانی گەلەکەمان، دەبێت یەكێتی نەتەوەیی بپارێزین

10:59 - 02/12/2022

2386جار خوێندراوەتەوە

كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان-(كەنەكە)

خەندان-

یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەک لایەنێکی سەرەکی هەرێمی کوردستان بەشداری كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان-(كەنەكە)ی کرد کە کۆبونەوەیەکی ساڵانەی حزب و کەسایەتییە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستانە و ئەمساڵ لە هۆڵندا بەڕێوەدەچێت، لە وتاری حزبەکەشدا سەرەڕای دوپاتکردنەوەی پاراستن و رەچاوکردنی تایبەتمەندی هەرێمی کوردستان، داواشیکرد بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەلی کورد پێویستە یەکێتی نەتەوەیی دروستبکرێت و ناکۆکییەکان بەلاوە بنرێن.

یەكێتی لە پێناو پرسی نیشتمانیی و گەیشتن بەمافە ڕەواكانی گەلەكەمان دروست بوە
یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە وتارێکدا بۆ كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان-كەنەكە ئاماژەی بەوەشکردوە، "یەكێتی لە پێناو پرسی نیشتمانیی و گەیشتن بەمافە ڕەواكانی گەلەكەمان دروست بوەو، لە رۆژی دەستپێكی خەباتیەوە تا ئەمڕۆ بەردەوامە لەقوربانیدان و تێكۆشانی بێوچان لە هەمو بوارەكان و مەیدانەكانی خەباتدا لە پێناو گەیشتن بە ئازادی و سەقامگیریی و ئارامی و خۆشگوزەرانی قوربانی زۆری داوە و دەدات."
دەستوەردان لە كاروباری پارچەکانی دیکەی کوردستان رەت دەکەینەوە
ئەوەشی خستوەتەڕو، "هەمیشە هەماهەنگ و هاوكاری هێزە كوردستانیەكانمان بە ئەركی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆمان زانیوە، ئێستاش كە جیهان و كوردستان بەرەو چونە ناو قۆناغێكی نوێوە هەنگاو دەنێت، دەرفەت و ئاستەنگی زۆرمان لە رێگایە. لەم ساتەوەختەشدا ستراتیجیەتی یەكێتیەكەمان وەك حزبێكی نیشتمانی، پشتگیری بۆ خەباتی سیاسی و مەدەنی هەمو بەشەكانی كوردستان دوپات دەكەینەوە و پاڵپشتی تێكۆشانی سیاسی و نەتەوەیی گەلەكەمانین لەهەمو بەشەكانی كوردستان، لەهەمان كاتدا دەستوەردان لە كاروباریان و فۆرمی كاركردنیان بۆ خۆیان بەجێ دێڵین و دەستوەردان رەت دەكەینەوە."
لەگەڵ پێكەوە ژیانی هەمو نەتەوەكانین لەسەر بنەمای هاوبەش و یەكتر قبوڵكردن
یەكێتی نیشتمانی كوردستان داوای پاراستنی یەكێتی نەتەوەیی و دروستكردنی تێگەیشتنی هاوبەش لەخەباتدا لەپێناو گەیشتن بە ئامانجە باڵاكانی گەلی کورد دەکات و دەڵێت، "داوا لە هەمو ئەو وڵاتانە دەكەین كە كوردستانیان بەسەردا دابەش بوە، تێگەیشتنیان هەبێ بۆ گۆڕانی بارودۆخەكە و، پرسی رەوای كورد بە هەند وەربگرن و بە شێوەیەكی مەدەنیانە و، دور لە توندوتیژی چارەسەری بۆ بدۆزنەوە. ئێمەش لەگەڵ پێكەوە ژیانی هەمو نەتەوەكانین لەسەر بنەمای هاوبەش و یەكتر قبوڵكردن.. پەیاممان بۆ هەمو پارت و لایەنە كوردستانیەكانیش هەیە كە تایبەتمەندی هەرێمی كوردستان رەچاو بكەن و با بە هەموانەوە هەوڵی پاراستنی هەرێمی كوردستان بدەین كە دوژمن و ناحەزی زۆرەو بە خوێن و خەباتێكی زۆر دروست بوە."
کاربکەین تا گەلەكەمان بە سەرفرازی هاوشێوەی گەلانی ناوچەكە بژی
ئەوەشی خستوەتەڕو، داوا لە هەمو لایەن و رێكخراوەكان دەكەن ناكۆكی و جیاوازیە لاوەكیەكان، وەلاوە بنێین و لەسەر ئەو ئامانجە كەهەموانی كۆكردۆتەوە تەباو كۆكبن و خەبات بكەن بۆ چارەسەری دۆزی نەتەوەی كورد "تا گەلەكەمان بە سەرفرازی هاوشێوەی گەلانی ناوچەكە بژی.بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش هاوكار دەبین و كاری هاوبەش و خەباتی پێكەوەیی، دور لە سەپاندی ئایدولوژیاو هەژمونی لایەنێك بە ئەركێكی هەنوكەیی و نیشتمانی  دەزانین."

نیشانەکردن

یەکێتی