ئایا حکومەتەکەی سودانی رێککەوتنێکی چوار ملیار دۆلاری لەگەڵ ئێران واژۆکردوە

09:47 - 02/12/2022

4175جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە سەردانەکەی سێشەممەی رابردوی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاران و کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە هیچ رێککەوتنێک واژۆ نەکراوە، بەڵام جەخت لە برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات کراوەتەوە.

سودانی لەگەڵ رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبوەوە 

ناوەڕاستی هەفتەی رابردو محەمەد شیاع سودانی بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای عێراق گەیشتە تاران و لەگەڵ رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کۆبوەوە.

عێراق جەختیکردەوە لە رۆڵ بینینێکی چالاکانە لە ئاستی عەرەبی و هەرێمی

حیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە بە ماڵپەڕی (بغداد اليوم)ی راگەیاندوە، لەو سەردانەدا عێراق جەختیکردەوە لە رۆڵ بینینێکی چالاکانە لە ئاستی عەرەبی و هەرێمی و بونی پەیوەندییەکانی باش لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان، هەروەها لایەنی ئێرانیش پێشوازی لە سەردانەکەی حکومەتی نوێ کرد چونکە ئەوانیش بە دوای بەرژەوەندی هاوبەشی هەردولادا دەگەڕێن.

میدیای ئێران دەڵێت رێککەوتنێک بەبەهای چوار ملیار دۆلار واژۆکراوە 

میدیاکانی ئێران دەڵێن، لە سەردانەکەیدا محەمەد شیاع سودانی رێککەوتنێکی بەبەهای چوار ملیار دۆلار لەگەڵ ئێران واژۆکردوە، کە تایبەتە بە قەرەبوکردنەوەی بڕیارێکی حکومەتی پێشوی عێراق بۆ کەمکردنەوەی هاوردەی کاڵا لە ئێرانەوە لە ساڵی 2022دا.

لەو سەردانەدا هیچ رێککەوتنێک واژۆ نەکراوە

پەیوەست بەم بابەتەش جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە وتی، لەو سەردانەدا هیچ رێککەوتنێک واژۆ نەکراوە، چونکە ئەوە یەکەمین سەردانی حکومەتی نوێی عێراق بوە بۆ ئەو وڵاتە و لە داهاتودا گفتوگۆی زیاتر لەسەر ئەو پرسانە دەکرێت کە جێگەی گرنگی هەردو وڵاتن.

نیشانەکردن

عێراق ئێران