وەزارەتی دارایی کارەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی 2023 تەواو دەکات

04:28 - 02/12/2022

5480جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی دارایی عێراق لە قۆناغی کۆتایی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023 دایە کە چاوەڕێ دەکرێت لە هەفتەی داهاتودا رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران و دواتریش پەرلەمان بکرێت، داواش دەکرێت لە پڕۆژەکەدا گرنگی زیاتر بە رەخساندنی هەلی کار لە کەرتی تایبەتدا بدرێت.

بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق لەئێستادا رەشنوسی پڕۆژەیاسای بودجە گەیشتوەتە قۆناغی کۆتایی و چاوەڕێ دەکرێت لە هەفتەی داهاتودا رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران و بەر لە کۆتایی ئەم مانگەش رەوانەی پەرلەمان بکرێت.

هەوڵ بدات لەرێگەی کەرتی تایبەتەوە هەلی کاری زیاتر بڕەخسێنێت
پەیوەست بەم بابەتەش ئەحمەد فوئاد، شارەزای ئابوری رایگەیاند، لە پڕۆژە یاسای بودجەدا هیچ دامەزراندنێکی راستەقینە بونی نابێت، چونکە بانکی نێودەوڵەتی کردویەتی بە مەرج کە بۆ وەرگرتنی قەرز و بەهۆی ناجێگری دۆخی ئابوری وڵاتەکە، عێراق نابێت دامەزراندنی زیاتر لە کەرتی حکومەتدا ئەنجام بدات، بەڵکو دەبێت هەوڵ بدات لەرێگەی کەرتی تایبەتەوە هەلی کاری زیاتر بڕەخسێنێت.
بابەتی دامەزراندنی لە بودجەدا وەک هەوڵێکە بۆ بێدەنگکردنی شەقام 
ئاماژەی بەوەشکرد، بابەتی دامەزراندنی لە بودجەدا وەک هەوڵێکە بۆ بێدەنگکردنی شەقام بۆ مەبەستی سیاسی و ئەگەر پەسەندیش بکرێن، جێبەجێ ناکرێت بەهۆی پابەندی عێراق لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی، بۆیە داوا دەکات ئەو پارەیە بۆ بەهێزکردنی کەرتی تایبەت بەکاربهێنرێت کە ئەگەر بەشێوەیەکی دروست مامەڵەی لەگەڵ بکرێت دەبێتەهۆی بەهێزکردنی حکومەت.
نزیکەی 50 هەزار هەلیکار دەڕەخسێنرێت
لای خۆیەوە جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی "الصباح الجدي"ـی راگەیاندوە، لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023دا نزیکەی 50 هەزار هەلیکار دەڕەخسێنرێت، هەروەها پێشبینی دەکرێت بودجەی ساڵی تازە لە 130 مليار دۆلار نزیک ببێتەوە.
نرخی بەرمیلێک نەوت لەنێوان  70-75 دۆلار دەخەمڵێنرێت
ئاماژەی بەوەشکردوە، لە پڕۆژەیاسای بودجەدا هیچ هەنگاوێکی حکومی نییە بۆ گۆڕینی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار و ئەو پرسە بە جێگیری دەمێنێتەوە، لە هەمو دۆخێکیشدا چاوەڕێ دەکرێت لەکۆتایی ئەمساڵدا پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند بکرێت، کە تیایدا نرخی بەرمیلێک نەوت لەنێوان  70-75 دۆلار دەخەمڵێنرێت.
کۆی گشتی بودجە لە نێوان 115 بۆ 135 ملیار دۆلار دەبێت
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی دەڵێت، داهاتی ساڵی نوێ لە فرۆشتنی نەوت نزیکەی 87 مليار دۆلار دەبێت، هەروەها داهاتەکانی دیکەش 12 بۆ 13 ملیار دۆلار دەبن، لەگەڵ داهاتی زیادەی فرۆشتنی نەوت لەمساڵدا کە 25 بۆ 30 ملیار دۆلارە، بۆیە کۆی گشتی بودجە لە نێوان 115 بۆ 135 ملیار دۆلار دەبێت.

نیشانەکردن

عێراق