حکومەتی هەرێم ملیارێک و 600 ملیۆن دینار بۆ خوێندنی كوردی لە کەرکوک تەرخان دەکات

04:30 - 01/12/2022

3313جار خوێندراوەتەوە

پۆلێکی خوێندن

خەندان-

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی دابینکردنی پێداویستیی قوتابخانه‌كان و خوێندن بۆ خوێندنی کوردی له‌ شارى كه‌ركوك، بڕی ملیارێک و 600 ملیۆن دینار و 900 میلاکی وانەبێژی بۆ بەشی خوێندنی کوردی لە پارێزگاکە تەرخانکرد.

ملیارێک و 600 ملیۆن دینار بۆ خوێندنی کوردی تەرخانکرا 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، لەسەر ‌فه‌رمانی مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بە گوژمه‌ی ملیارێک و 600 ملیۆن دینار، پێداویستیی قوتابخانه‌كان و خوێندن بۆ خوێندنی کوردی له‌ شارى كه‌ركووك دابین کرا.

900 وانه‌بێژ له‌ پسپۆڕییه‌ جیاوازه‌كان دادەمەزرێندرێن

ئەوەش هاتوە، هەروەها حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بە دامەزراندنى 900 وانه‌بێژ له‌ پسپۆڕییه‌ جیاوازه‌كان و دابینکردنى کرێى مانگانەیان.

خوێندنى کوردى له‌ شاری كه‌ركوك زیندوە

پەیوەست بەم بابەتەش شێرزاد ڕەشید کاکە عەبدوڵا،  بەڕێوەبەرى خوێندنى کوردى لە كه‌ركوك رایگه‌یاند، "خوێندنى کوردى له‌ شاری كه‌ركوك زیندوە و ساڵ بە ساڵ ژمارەى مامۆستا و خوێندكار و قوتابخانەى کوردی زیاد دەکات، ئەو دەستکەوتەش دەستکەوتێکى ناوازەیه‌، نمونه‌ی زۆرباشی قوتابیانمان هه‌یه،‌ كه‌ له‌سه‌ر ئاسته‌كانی خۆیان نمره‌ی زۆر باشیان به‌ده‌ستهێناوه، هه‌روه‌ک ساڵی پار له‌ به‌شی زانستی قوتابییەکمان یەکەمى هەمو عێراق بو".

لە ڕێگەى مامۆستایانى وانەبێژەوە کێشەی میلاکاتیان چارەسەرکردوە 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئەوان کێشەى میلاکاتیان هەبو و گرفتێكی گه‌وره‌یان توش بو لەم ڕوەوە‌ و چەندین ساڵیش بو کە دامەزراندن نەبو، بەڵام ئێستا لە ڕێگەى مامۆستایانى وانەبێژەوە ئەم کێشەیەیان چارەسەرکردوە و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش بێجگە لە دابینکردنى موچە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران، بەردەوامە لە دابەشکردنى شایستە داراییەکانى وانەبێژان بۆ ئەوەى خوێندنى کوردى لەو شارە پەکى نەکەوێت، هەر ئەمەش وایکردوە کە بەشێکى زۆر لە قوتابییەکانمان لە ڕێزبەندى یەکەمى خوێندنەکانى (عەرەبى و تورکمانى و سریانى) بن و ژمارەیەک لە قوتابیانمان یەکەمى سەر ئاستى عێراق و کەرکوک بەدەست بهێنن.