خه‌ندان-
ئه‌ندامێكی هاوپه‌یمانی فه‌تح له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه رایگه‌یاند، "ئه‌گه‌ر له ماوه‌ی دو مانگی یه‌كه‌می ساڵی داهاتودا بودجه په‌سه‌ند نه‌كرێت، محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق توشی كێشه ده‌بێت بۆ پێدانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران".
مه‌حمود حه‌یانی ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی فه‌تح له په‌رله‌مانی عێراق، له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر له مانگی یه‌كه‌م یان دوه‌می ساڵی داهاتودا بودجه په‌سه‌ند نه‌كرێت، سه‌رۆك وه‌زیران توشی كێشه‌یه‌ك ده‌بێته‌وه كه په‌یوه‌ندی به چۆنیه‌تی دابینكردنی بودجه‌وه بۆ پێدانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له سه‌رتاسه‌ری عێراق.
دواكه‌وتنی په‌سه‌ندكردنی بودجه ده‌بێته هۆی قه‌یرانی ئابوری له ناوه‌ند و هه‌رێمی كوردستان
وتیشی، "دواكه‌وتنی په‌سه‌ندكردنی بودجه ده‌بێته هۆی قه‌یرانی ئابوری له ناوه‌ند و هه‌رێمی كوردستان ئه‌مه‌ش به‌هۆی بێتوانایی حكومه‌ت ده‌بێت له پێدانی موچه".
پێویسته لایه‌نه سیاسییه‌كان ناكۆكیه‌كانیان وه‌لاوه بنێن و په‌نا بۆ ده‌ستور و یاسا ببه‌ن
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "پێویسته لایه‌نه سیاسییه‌كان ناكۆكیه‌كانیان وه‌لاوه بنێن و په‌نا بۆ ده‌ستور و یاسا ببه‌ن و پاڵپشتی حكومه‌ت بكه‌ن له بڕیاردان به‌ئامانجی خزمه‌تكردن به وڵات".
پێشتریش هه‌یسه‌م زه‌هوان ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له په‌رله‌مانی عێراق ڕایگه‌یاندبو، "بودجه‌ی ساڵی 2023 هه‌مو پێداویستییه‌كانی هاوڵاتیان دابینده‌كات و له ئێستادا له قۆناغی ئاماده‌كاریدایه له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه، چاوه‌ڕوانیشده‌كرێت له مانگی (شوبات/2)ی ساڵی داهاتو له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه په‌سه‌ندبكرێت".