هەواڵی ئەمڕۆ

چین داوای وەستاندنی هێرشەکانی سەر رۆژئاڤای کوردستان لە تورکیا دەکات

11:15 - 29/11/2022

8741جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

جێگری نوێنەری چین لە نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاند، هێرشی تورکیا بۆسەر سوریا پێشێلکردنی سەروەری خاکی ئەو وڵاتەیە و نەهامەتیی سورییەکان زیاتر دەکات، بۆیە داوا لە ئەنقەرە دەکەن دەستبەجێ هێرشەکانی بوەستێنێت.

دۆخی ئەمنی سوریا ئاڵۆزە
قنغ شوانگ، جێگری نوێنەری چین لە نەتەوە یەکگرتوەکان لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە ئەمشەو بەڕێوەچو و تایبەت بو بە دۆخی سوریا، وتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەشکرد، "دەبێت ئێمە پشتیوانی لە سەروەری سوریا و یەکێتی خاکی ئەو وڵاتە بکەین، بەتایبەت کە تائێستاش دۆخی ئەمنی سوریا ئاڵۆزە و تورکیاش لەم کاتەدا هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر ئەو وڵاتە".
 تورکیا و ئیسرائیل سەروەری خاکی سوریا پێشێل دەکەن
ئەوەشی خستەڕو، "ئەنقەرە دەیەوێت هێرشی زەمینیش بکاتەسەر ناوچەکانی سوریا، هەروەها هێرشەکانی ئیسرائیلیش بۆسەر سوریا بەردەوامی هەیە، کە هەردوکیان سەروەری خاکی سوریا پێشێل دەکەن، هەروەها هێرشەکان بونەتەهۆی زیاتربونی نەهامەتییەکانی گەلانی سوریا".
 داوا دەکەین دەستبەجێ هێرشەکانیان بۆسەر سوریا رابگرن
جێگری نوێنەری چین لە نەتەوە یەکگرتوەکان وتیشی، چین نیگەرانە لە دۆخی سوریا، داواش لە تورکیا و ئیسرائیل دەکات دەستبەجێ هێرشەکانیان بۆسەر سوریا رابگرن، هەروەها هەمو هەنگاوێکیش بوەستێنین کە دەبێتەهۆی زیادکردنی گرژییەکان و پێداگری لەسەر چارەسەری کێشەکان بکەن لەرێگەی گفتوگۆوە.