خەندان-
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێشوازی لە دەرچواندنی یاسای (بهركاركردنی یاسای فیدڕاڵی واژۆی ئهلیکترۆنی و مامهڵه ئهلیكترۆنییەکان) لەلایەن پەرلەمانی کوردستان دەکات، کە هەنگاوێکی لەپێشینەی حکومەتی هەرێم بوە بە ئاڕاستەی گهیشتن به حکومەتێکی تەواو دیجیتاڵی له کۆتایی ساڵی 2025دا.
هەنگاوێکە بە ئاراستەی گهیشتن به حکومەتێکی تەواو دیجیتاڵی له کۆتایی ساڵی 2025
مەسرور بارزانی ئەمڕۆ لە پەیامێکدا ئەوەشی خستوەتەڕو، پێشوازی لە پەسەندکردنی پێشنیازه یاسای (بهركاركردنی یاسای فیدڕاڵی واژۆی ئهلیکترۆنی و مامهڵه ئهلیكترۆنییەکان) لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەکات، پەسەندکردنی هەموارکردنی ئەم یاسایەش، كه هەوڵێکی هاوبەشی حکومەته بە هاوکاری و پشتیوانیی باشترین شارهزایانی جیهانی، هەنگاوێکی ديكەیە لە پرۆسەی وهرچهرخانی دیجیتاڵی کابینەی نۆیەم بە ئاراستەی گهیشتن به حکومەتێکی تەواو دیجیتاڵی له کۆتایی ساڵی 2025.
کاتێک حکومەت زهمینه ساز دەکات، ئهوا پێشکەوتنی گهوره بەدەست دەهێنین
ئاماژەی بەوەشکردوە، "لە هەمو گفتوگۆكانم لەگەڵ گەنجان و بازرگان و خاوەنکار و وەبەرهێنەران، هەست بەوە دەکەم کە سەرمایەیەکی مرۆیی گهورهی شاراوەمان ههیه. لە چەندین بۆنە و دیداردا، داواكاریی گهنجهكانمان بۆ به دیجیتاڵكردن، چاکسازی کەرتی بانکی، ڕونی و شەفافییەتی باج و نەهێشتنی بیروكراتی و بهفیڕۆدانی سامانی گشتیی پێگەیشتوە کە ههموی به گرنگییهوه، كاریان لهسهر كراوه. دهبینین كه سەرکردە گەنجەکانمان کاریگەربون لە نێو کۆمەڵگهکەیان و لە جیهانی ئهلكترۆنیدا. پێشکەوتنەکانیان بەهۆی ئەوەیە کە کاتێک حکومەت زهمینه و سەرچاوەی پێویست بۆهاوڵاتییە بەتواناکانی دەستەبەر دەکات، ئهوا پێشکەوتنی گهوره بەدەست دەهێنن".
ستایشی پەرلەمانی کوردستان و دەستەی سەرۆکایەتییەکەی دەکەم
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بۆیە لەم کابینەیەدا، بەرکارکردن و هەموارکردنی ئهم یاسایەمان کردە کاری لە پێشینە، بۆ دابینکردنی چوارچێوەی یاسایی پێویست بۆ هاوڵاتییان و بازرگانان و حکومەت، تا بە تەواوی واژۆی ئهلكترۆنی بهكاربهێنن. بێگومان ئێمە بە تەنیا ناتوانین ئەم كارانه بکەین، چونکە ئایندەی دیجیتاڵی کوردستان و دهرخستنی توانا ڕاستەقینەکان، پێویستی بە هەمو پێکهاتەکانی کۆمەڵگه هەیە بۆ ئەوەی بهیهكهوه کار بکەن. ستایشی پەرلەمانی کوردستان و دەستەی سەرۆکایەتییەکەی دەکەم بۆ پشتیوانییان لەم یاسایه."