چین ئاماری نوێی مردن و توشبون به‌كۆرۆنا بڵاوده‌كاته‌وه‌.. ئاماره‌كان "مه‌ترسیدارن"

09:40 - 28/11/2022

5964جار خوێندراوەتەوە

ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی به‌شێك له‌ هاوڵاتیانی چین

خه‌ندان-

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هاوڵاتیانی چین له‌ چه‌ند هه‌رێمێكی وڵاته‌كه‌یان به‌رده‌وامن له‌ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان دژ به‌ به‌رپرسانی ته‌ندروستی وڵاته‌كه‌یان، به‌ڵام ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی چین بڕیارێكی نوێی بەئامانجی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی زیادبونی ژماره‌ی توشبوانی كۆرۆنا ده‌ركرد.

تۆڕی هه‌واڵی BBC بڵاویكرده‌وه‌، خۆپیشاندانه‌كان دژ به‌ رێكاره‌ خۆپارێزییه‌كانی تایبەت به‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی بڵاوبونه‌وه‌ و گواستنه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ چه‌ند هه‌رێمێكی چین به‌رده‌وامیان هه‌یه‌ و به‌رپرسانی چینیش ترسیان له‌وە هەیە بارودۆخه‌كه‌ لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت.
 

یاسا نوێیه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی چین و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا

یه‌كه‌م: به‌رپرسانی ته‌ندروستی شار و شارۆچكه‌كان پێویسته‌ ته‌واوی هه‌وڵی خۆیان بده‌ن بۆئه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ بسه‌پێنن، ته‌نانه‌ت له‌ ئه‌گه‌ری گومانكردن له‌ توشبونی یه‌ك كه‌سیش.

دوه‌م: پشكنینی گشتی بۆ تەواوی ئەو ناوچانە بكرێت كە گومانلێكراو یاخود توشبوی بێ نیشانە و هەڵگری نیشانەكانی كۆرۆنایان تێدا بەدیدەكرێت.

سێیه‌م: توشبوانی كۆرۆنا كه‌ره‌نتینه‌ ده‌كرێن له‌ ماڵه‌كانی خۆیان یان له‌و ناوچه‌ تایبه‌تانه‌ی سه‌ر به‌ ته‌ندروستی چین-ن.

چواره‌م: له‌و شوێن و ناوچانه‌ی كه‌ كۆرۆنایان تێدا بڵاوبوه‌ته‌وه‌ به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك كردنه‌وه‌ی بازاڕ و قوتابخانه‌كان قه‌ده‌غه‌یه‌.

پێنجه‌م: بازاڕه‌كان به‌ داخراوی ده‌مێننه‌وه‌، بێجگه‌ له‌وانه‌ی كه‌ خواردن و خۆراك ده‌فرۆشن.

شه‌شه‌م: ته‌واوی ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ كۆرۆنایان تێدا بڵاوبۆته‌وه‌ به‌ داخراوی ده‌مێننه‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ی هیچ توشبویه‌ك تۆمار ناكرێت.

 
دوایین ئاماره‌كان له‌ چین؟

چین دوای تێپه‌ڕبونی شه‌ش مانگ به‌سه‌ر راگه‌یاندنی كۆتایهاتنی شه‌پۆلی كۆرۆنا، یه‌كه‌مین حاڵه‌تی مردنی به‌ كۆرۆنا تۆماركرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ زیاتر له‌ 40 هه‌زار و 52 كه‌یسی دیكه‌ی توشبون به‌ كۆرۆنا له‌چه‌ند هه‌رێمێكی چین تۆماركران، له‌ یه‌ك هه‌فته‌شدا كۆی گشتی ژماره‌ی توشبون به‌ كۆرۆنا 200 هه‌زاری تێپه‌ڕاند.

له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌، له‌ هه‌رێمی گوانگژو و چۆنگچین، باری نائاسایی راگه‌یه‌ندراوه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ یه‌ك رۆژدا ئاماری توشبون له‌ نێوان حه‌وت بۆ هه‌شت هه‌زاردا بوه‌ و له‌ به‌یجینیش چوار هه‌زار كه‌یسی نوێ تۆماركراون.

 
چین چی جۆرێكی ڤاكسینه‌كانی دژه‌ كۆرۆنا به‌كارده‌هێنێت؟

رێژەی 50%ی دانیشتوانی چین كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ 80 ساڵ و زیاتره‌، ژه‌می یه‌كه‌می ڤاكسینی كۆرۆنایان وه‌رگرتوه‌، كه‌متر له‌ 60%ی ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان له‌نێوان 60 بۆ 69 ساڵیشدایه‌ به‌ته‌واوه‌تی گشت ژه‌مه‌كانی ڤاكسینی كۆرۆنایان وه‌رگرتوه‌، ئه‌وانه‌شی كه‌ زۆر به‌ته‌مه‌نن له‌ ئێستادا به‌شێوه‌یه‌كی ناچاری ژه‌می ڤاكسینی كۆرۆنا وه‌ردەگرن.

له‌ چین هه‌ریه‌كه‌ له‌ ڤاكسینی سینۆڤاك و ساینۆفۆڕم یه‌كێكن له‌و دو ڤاكسینانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ته‌واوی هاوڵاتیانی چینه‌وه‌ به‌كارده‌هێندرێن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وڵاتانی رۆژئاوا ئۆفه‌ری ناردنی ڤاكسینی كاریگه‌رتریان بۆ به‌رپرسانی چین ده‌ربڕی، به‌ڵام چین ئه‌وه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ و له‌لای خۆشیه‌وه‌ رێكخراوی ته‌ندروستی جیهان (WHO) به‌رپرسانی چینی ئاگاداركردۆته‌وه‌، "به‌خێرایی رێكاره‌كانی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی كۆرۆنا بگۆڕن و گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی ئەنجامبدەن".