سێ پۆستی کورد لە حکومەتی عێراق یەکلاییکرانەوە

02:50 - 28/11/2022

8718جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ دوشەممە سێ پۆستی دیکەی کورد لە بەغدا یەکلاییکرانەوە، پۆستی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و راوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئێزدییەکان لە حکومەتی عێراق بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و پۆستی وەزیری ژینگەش بۆ  یەکێتی نیشتیمانی کوردستان یەکلاییکرانەوە.

یەکێتی پێداگربوە لەسەر پۆستی وەزیری ژینگە

كوردە عومەر، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ خەندان-ی راگه‌یاند، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە هەمو کۆبونەوەکانی چەند رۆژی رابردوی لەگەڵ لایەنەکان، کە باس لە بەرکەوتەی حکومەت کراوە پێداگری خۆی لەسەر وەرگرتنی پۆستی وەزیری ژینگە دوپاتکردوەتەوە.

یەکلاییکردنەوەی بەرکەوتەی کورد  یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانی شاندی باڵای یەکێتی بوە بۆ بەغدا 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا شاندێکی باڵای یەکێتی لە بەغدایە بۆ گفتوگۆ لەسەر ژمارەیەک دۆسیەی پەیوەست بە حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستان لەوانەش یەکلاییکردنەوەی بەرکەوتەی کورد لە حکومەتی عێراق.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە بۆ پارتی و وەزیری ژینگەش بۆ یەکێتی یەکلاییکرانەوە 

لەئێستادا پارتی و یەکێتی هەر کامێکیان خاوەنی دو وەزیرن لە حکومەتی عێراق کە بەم جۆرەیە: فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە (پارتی)، خالید شوانی وەزیری دادی عێراق (یەکێتی)، وەزیری ئاوەدانکردنەوە لە پشکی پارتی (تائێستا ناوەکەی یەکلایینەکراوەتەوە)، وەزیری ژینگەی عێراق لە پشکی یەکێتی (تائێستا ناوەکەی یەکلایینەکراوەتەوە).

راوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئێزدییەکان دەدرێت بە پارتی

بەگوێرەی زانیارییەکانی خەندان لە چوارچێوەی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، پۆستی راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئێزدییەکان دەدرێت بە پارتی دیموکراتی کوردستان، هەرچەندە تائێستا بە فەرمی کاندیدی ئەو پۆستەش یەکلایینەکراوەتەوە، بەڵام چاوەڕێ دەكرێت پارتی ڤیان دەخیل بۆ ئەو پۆستە كاندید بکات.