سەرۆک کۆماری عێراق پێشوازی لە شاندی حکومەتی هەرێم دەکات

08:03 - 27/11/2022

1916جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د.عەبدولەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق پێشوازی لە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە سەردانی بەغدایانکردوە، لەلێدوانێکیشدا رایگەیاند، پێویستە دەستور وەکو بنەمایەک سەیر بکرێت بۆ چارەسەرکردنی هەمو کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ.

پێویستە دەستور وەکو بنەمایەک سەیر بکرێت بۆ چارەسەرکردنی هەمو کێشەکان

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، د.عەبدولەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق لە شاری بەغدا، پێشوازی لە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، لە کۆبونەوەیەکدا سەرۆک کۆماری عێراق خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا دەربڕی و جەختی کردەوە کە پێویستە دەستور وەکو بنەمایەک سەیر بکرێت بۆ چارەسەرکردنی هەمو کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و پشتیوانی خۆیشی بۆ سەرخستنی گفتوگۆکان لەو چوارچێوەیە پیشاندا.

کابینەی نۆیەم هەمو ئامادەییەکی خۆی پیشانداوە بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان

ئەوەش هاتوە، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش سوپاسی سەرۆک کۆماریان کرد بۆ ئەو پێشوازی و پاڵپشتییە و ئاماژەیان بەوەدا کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمو ئامادەییەکی خۆی پیشانداوە بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستاندن و لەسەر بنەمای دەستور.

شاندی حکومەتی هەرێم پێکهاتبوە لە د.دارا رەشید، وەزیری پلاندانان، کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، د.ئامانج رەحیم، سکرێتری ئەنجومەنی وەزیران، د.عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون، د.جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وسەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا.