شاندی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ رەشنوسی پڕۆژەیاسای بودجە تاوتوێ دەکەن

07:09 - 27/11/2022

2803جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ یەکشەممە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا لەگەڵ محەمەد تەمیمی، وەزیری پلاندانان و تەیف سامی، وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵ کۆبونەوە بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر رەشنوسی پرۆژە یاسای بودجەی 2023، لە کۆبونەوەکەشدا بڕیاردراوە لیژنەیەک بۆ هەماهەنگی لەسەر ئەو بابەتە پێكبهێندرێت.

شاندەکەی حکومەتی هەرێم پێکهاتون لە د.دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان، کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، د.ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، د. عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون، د. جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا.

گفتوگۆ لەسەر ئامادەکارییەکان بۆ نوسینەوەی رەشنوسی پڕۆژە یاسای بودجە کراوە

شاندەکەی حکومەتی هەرێم لە بەغدا لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدڕاڵی کۆبونەوە کە پێکهاتبون لە محەمەد تەمیمی، وەزیری پلاندانان، تەیف سامی، وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵ و کارمەندانی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ، کە تیایدا گفتوگۆ لەسەر ئامادەکارییەکان بۆ نوسینەوەی رەشنوسی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2023 فیدڕاڵی کراوە.

بڕیاریدراوە لیژنەیەک لە نێوان هەرولا پێکبهێندرێت

لە راگەیەنراوی کۆبونەوەکەدا هاتوە، گفتوگۆ لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی ساڵی 2023ـی حکومەتی فیدڕاڵی کرا و بیروبۆچونەکان ئاڵوگۆڕ کران، بڕیاریشدراوە لیژنەیەک لە نێوان هەرولا پێکبهێندرێت و دەست بەکارەکانیان بکەن.

کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بکرێن

ئەوەش خراوەتەڕو، شاندی حکومەتی هەرێم ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای دەستور و لەرێگەی گفتوگۆوە، کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بکرێن.

گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەکرێت

پەیوەست بەم بابەتەش شوان محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق به‌ خەندان-ی راگەیاند، شاندەکەی حکومەتی هەرێم بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023 سەردانی بەغدای کردوە و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدڕاڵ کۆدەبێتەوە.

کێشەکان بەگوێرەی دەستور چارەسەر بکرێن

وتیشی، هەردولا پشتیوانی خۆیان دەربڕیوە کە کێشە داراییەکانی نێوان هەردو حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵ بەگوێرەی دەستور و کارنامەی پەسەندکراوی حکومەتەکەی سودانی چارەسەر بکرێن.

0