خهندان-
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لهگهڵ ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی عەسائیب ئەھلی حەق و سەرۆکی ھاوپەیمانیی عەزم و ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی بابلیون كۆبوهوه و رایگهیاند، دەیانەوێت تەبایی و پێکەوەژیان بکەنە بنەمای کارکردن و هەموان لەپێناو سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتییان هەوڵبدەن، "دڵنیاین دەتوانین لەگەڵ برا و دۆستەکانمان وڵات بەرەو ئاشتی، سەقامگیری و یەکسانی ئاڕاستە بکەین و لەئاست ئەو بەرپرسیارێتییە مێژوییەدا بین".
بهپێی راگهیهندراوێكی نوسینگهی سەرۆکی یەکێتیی، ئهمڕۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی عەسائیب ئەھلی حەق، موسەنا سامەڕائی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی عەزم و رەییان کلدانی، ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی بابلیون لە ماڵی مام لە بەغدا کۆبونەوە، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی وڵات تاوتوێکران و ئەرک و بەرپرسیارێتی لایەنە سیاسییەکان بۆ سەرخستن و جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتی نوێ گفتوگۆی لەبارەوەکرا.
جەخت لە هەماهەنگی و هاریکاری بەردەوامی نێوان هێزە نیشتمانییەکان کرایەوە
ئاماژه بهوهشكراوه، جەخت لە هەماهەنگی و هاریکاری بەردەوامی نێوان هێزە نیشتمانییەکان کرایەوە لەپێناو راپەراندنی ئەرکە دەستوری و نیشتمانییەکان و پاراستنی مافی هەمو گەلانی عیراق.
پێکەوەیی و هاوبەشیی راستەقینە بکرێنە بنەمای کارکردن و بەهێزکردنی پایەکانی حوکمڕانی
له راگهیهندراوهكهدا هاتوه، کۆبونەوە بەرەچاوکردنی دۆخی سیاسی، ئابوری، ئەمنی ئەمڕۆی عیراق داوایکرد بەرژەوەندی نیشتمانی، پێکەوەیی و هاوبەشیی راستەقینە بکرێنە بنەمای کارکردن و بەهێزکردنی پایەکانی حوکمڕانی، هەروەها پشتگیریی لایەنەکان بۆ سەرخستنی بەرنامەی حکومەت و پرۆسەی چاکسازی، وەک فاکتەرێکی گرنگی بەدیهێنانی سەقامگیری لەوڵاتدا وەسفکرا، داوششکرا ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عیراق چارەسەرێکی ریشەییانەی بۆ بدۆزرێتەوە و دەستور بکرێتە پێوەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و سازان لەسەر ئەو خاڵانەی ناکۆکیان لەسەرە.
دەمانەوێت تەبایی و پێکەوەژیان بکەینە بنەمای کارکردن و هەمومان لەپێناو سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتییانمان هەوڵبدەین
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە کۆبونەوەکەدا خواستی ھەرێم و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و چارەسەرکردنی کێشەکان دوپاتکردەوە و رایگەیاند، "ئامانجی ئێمە پاراستنی هاوسەنگی و بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کوردە لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا، دەمانەوێت تەبایی و پێکەوەژیان بکەینە بنەمای کارکردن و هەمومان لەپێناو سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتییانمان هەوڵبدەین، دڵنیاین دەتوانین لەگەڵ برا و دۆستەکانمان وڵات بەرەو ئاشتی، سەقامگیری و یەکسانی ئاڕاستە بکەین و لەئاست ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییەدا بین".