سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی هەرێم لەبارەی دۆخی ناوچە سنورییەکان کۆبونەوە

05:28 - 27/11/2022

3877جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبونەوە و رایانگەیاند، جەخت لە گرتنەبەری هەنگاوی پێویست دەکەنەوە بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی سنورەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، هەردولاش پشتیوانی خۆیان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دوپاتکردوەتەوە.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، ئەمڕۆ یەکشەممە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران لە بەغدا پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد، لەکۆبونەوەکەدا دۆخی وڵات بە گشتی و بەتایبەت لە ڕوی ئەمنی، سیاسی، خزمەتگوزاری و دۆخی هاوڵاتیان تاوتوێ کرا.

جەخت لەسەر هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە سەرتاسەری عێراق دەکەینەوە

ئەوەش هاتوە، هەروەها هەردولا باسیان لە چەند دۆسییەکی گرنگ و، چوارچێوەی کاری نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێم کرد کە لە بەرنامەی حکومەتدا جێگەی کراوەتەوە و جەخت لەسەر هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە سەرتاسەری عێراق کراوەتەوە.

پشتیوانی هەنگاوی پێویست دەکەین بۆ پاراستنی ئاسایش وئارامی سنورەکان

پەیوەست بە دۆخی سنورەکانی عێراقیش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، سەرۆک وەزیران جەختی لەسەر چارەسەرکردنی کێشە ئەمنییەکان کردەوە لەنێوان هەولێر بەغدا، لەگەڵ پشتیوانی بۆ پاراستنی ئاسایش وئارامی دۆخی سنورەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتیمانی لە دوایین کۆبونەوەیدا ژمارەیەک رێکاری پەسەند کردوە.

هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنور به‌درێژایی سنوره‌كانی عێراق و ئێران بڵاوه‌یان پێده‌كرێت

ئەوەش لەکاتێکدایە ماوەی چەند هەفتەیەکە تورکیا و ئێران بەپاساوی جیاواز، سنورەکان و قوڵایی هەرێمی کوردستان بۆردومان دەکەن، بۆیە 23ی ئەم مانگە ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی عێراق به‌ئاماده‌بونی سه‌رۆك ئه‌ركانی پێشمه‌رگه‌ كۆبوەوه‌ و پلانێكی سه‌ربازی په‌سه‌ند كرد، به‌پێی پلانه‌كه‌ش هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنور به‌درێژایی سنوره‌كانی عێراق و ئێران بڵاوه‌یان پێده‌كرێت.

پشتیوانی زیاتر بۆ هێزەکانی سوپا لە سەر سنور دەنێرین

25ی ئەم مانگەش محەمەد پاکپور، فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای ئێران رایگەیاند، بۆ رێگریكردن له‌ "گروپه‌ جوداخوازه‌كان" و پشتیوانی هێزەکانی رۆژاواو و باکوری رۆژاوای ئێران یەکەکانی زرێپۆش و تایبەتی سوپای پاسداران لەسەر سنورەکان جێگیردەکەن و پشتیوانی زیاتر بۆ هێزەکانی سوپا لە سەر سنور دەنێرن.