خەندان-
لەسەر بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە ملیارێک و 441 ملیۆن دینار بۆ پڕۆژەی ئاوی دوکان تەرخانکرا، هاوکات وەزارەتی پلاندانان ڕاسپێردرا بۆ ئەوەی ڕیزبەندکردنی پلانی پڕۆژەکان بۆ ساڵی 2023 ئامادە بکات.
ملیارێک و 441 ملیۆن دینار بۆ پڕۆژەی ئاوی دوکان تەرخان کرا
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی کار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و بەڕەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕەزامەندی لەسەر تەرخانکردن و خەرجکردنی یەک ملیار و 441 ملیۆن و 800 ھەزار دینار دا، بۆ پڕۆژەی ئاوی دوکان.
ڕیزبەندکردنی پلانی پڕۆژەکان بۆ ساڵی 2023 ئامادە بکرێت
ئەوەشی خستوەتەڕو، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی پلاندانان ڕاسپێردرا تاکو کاری پێویست بکات بۆ ڕیزبەندکردنی پلانی پڕۆژەکانی ساڵی (2022-2023 ) لە چوارچێوەی بەشە بودجەی وەبەرھێنانی تەرخانکراوی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار.