خه‌ندان-
ئیداره‌ی راگه‌یاندنی وزه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، هاورده‌كردنی نه‌وت له ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردودا له عێراقه‌وه بۆ ئه‌مریكا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزبونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه بینیوه و له 141 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌وه گه‌یشتوه‌ته 385 هه‌زار به‌رمیل له‌رۆژێكدا.
ئیداره‌ی راگه‌یاندنی وزه‌ی ئه‌مریكا له راپۆرتێكدا بڵاویكرده‌وه، "تێكڕای هاورده‌ی نه‌وتی خاوی ئه‌مریكا له ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردودا له نۆ وڵاته‌وه رۆژانه پێنج ملیۆن و 417 هه‌زار به‌رمیل بوه، ئه‌مه‌ش 639 هه‌زار به‌رمیل له رۆژێكدا به‌راورد به هه‌فته‌ی پێشوتر زیادی كردوه، له‌كاتێكدا هه‌فته‌ی پێشوتر چوار ملیۆن و 774 هه‌زار به‌رمیل هاورده‌ی ئه‌مریكا كرابو".
رێژه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق بۆ ئه‌مریكا له هه‌فته‌ی رابردودا گه‌یشته 385 هه‌زار به‌رمیل له رۆژێكدا
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "رێژه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق بۆ ئه‌مریكا له هه‌فته‌ی رابردودا گه‌یشته 385 هه‌زار به‌رمیل له رۆژێكدا، له‌كاتێكدا هه‌فته‌ی پێشوتر رۆژانه 141 هه‌زار به‌رمیل هاورده‌كراوه".
زۆربه‌ی هاورده‌ی نه‌وتی ئه‌مریكا له‌ماوه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردودا له كه‌نه‌داوه هاتوه
ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو، "زۆربه‌ی هاورده‌ی نه‌وتی ئه‌مریكا له‌ماوه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردودا له كه‌نه‌داوه هاتوه، به‌ڕێژه‌ی سێ ملیۆن و 844 هه‌زار به‌رمیل له ڕۆژێكدا، دواتر سعودیه دێت به هه‌نارده‌كردنی 685 هه‌زار به‌رمیل، پاشانیش مه‌كسیك دێت به ڕێژه‌ی 495 هه‌زار به‌رمیل له ڕۆژێكدا، له‌دوای ئه‌ویش بڕازیله به 251 هه‌زار به‌رمیل له رۆژێكدا دێت".
بڕی هاورده‌كردنی نه‌وتی خاو له كۆڵۆمبیاوه به‌تێكڕا 170 هه‌زار به‌رمیل بوه
به‌گوێره‌ی ئیداره‌ی راگه‌یاندنی وزه‌ی ئه‌مریكا، "بڕی هاورده‌كردنی نه‌وتی خاو له كۆڵۆمبیاوه به‌تێكڕا 170 هه‌زار به‌رمیل بوه، له نێجیریاوه 43 هه‌زار به‌رمیل و له ئیكوادۆر به تێكڕا 42 هه‌زار به‌رمیل بوه له رۆژێكدا، له لیبیاوه دو هه‌زار به‌رمیل هه‌نارده كراوه، هیچ بڕه نهوتێكیش له روسیا هاورده نه‌كراوه".