خه‌ندان-
به ئاماده‌بونی به‌رپرسانی باڵای شاری بیدگۆشچیی پۆڵندا، حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له ده‌ستپێكی چالاكییه‌كانی فێستیڤاڵی "كوردستان ڕوخسارهكانی ڕزگاربون"، گه‌وره‌ترین پێشانگه‌ی شێوه‌كاری و هونه‌ری هونه‌رمه‌ندانی كوردی كرده‌وه و لهوتارێكیشدا راشیگه‌یاند، "ئێمه گه‌لێكی 40 تا 50 ملیۆن كه‌سین، بێده‌وڵه‌تین، دابه‌شكراوین به‌سه‌ر توركیا، ئێران، عێراق و سوریادا، بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی 100 ساڵه خه‌بات ده‌كه‌ین و به‌رگری ده‌كه‌ین بۆ مانه‌وه و پاراستنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییمان، له‌به‌رئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌یه‌كی زۆره خاكه‌كه‌مان داگیركراوه و كۆمه‌ڵكوژیمان به‌رامبه‌ر ده‌كرێت".
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان، ئه‌و پێشانگه‌یه، تایبه‌ته به به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندانی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان و گه‌وره‌ترین پێشانگه‌ی هونه‌رمه‌ندانی كوردستانه، كه تا ئێستا له ئاستێكی فراواندا كرابێته‌وه و فێستیڤاڵه‌كه چالاكییه‌كی ساڵانه‌یه و تایبه‌ته به هونه‌ری نه‌ته‌وه بێ ده‌وڵه‌ته‌كان.
حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید له به‌رایی چالاكییه‌كانی فێستیڤاڵه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانی هه‌رێمه‌كه كۆبۆوه
له چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ پۆڵندا، حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید ئێواره‌ی رۆژی هه‌ینی له شاری بیدگۆشچ له ته‌لار مۆزه‌خانه‌ی هه‌رێمی "kujawsko-pomorskie" له به‌رایی چالاكییه‌كانی فێستیڤاڵه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانی هه‌رێمه‌كه كۆبۆوه.
حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، كورته باسێكی له باره‌ی هه‌رێمی كوردستان و دیدگای حكومه‌تی هه‌رێم بۆ خزمه‌تكردنی هونه‌ر خسته‌ڕو
له كۆبونه‌وه‌كه‌دا، كه هه‌ریه‌ك له كویا ڤسكه پهمۆرسكی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی kujawsko-pomorskie، ڕافاڵ برۆسكی پارێزگاری بیدگۆشچ، ئیڤۆنا ڤاشكێڤیچ جێگری پارێزگار، مونیكا ماتۆڤسكا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی شار، ڤاچلاڤ كوچمه به‌ڕێوبه‌ری مۆزه‌خانه، ماگده‌لێنا به‌ڕێوبه‌ری فه‌رمانگه‌ی ڕۆشنبیری ئاماده‌بون، حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێم كورته باسێكی له باره‌ی هه‌رێمی كوردستان و دیدگای حكومه‌تی هه‌رێم بۆ خزمه‌تكردنی هونه‌ر خسته‌ڕو، ستایشی هه‌ماهه‌نگی و ڕۆڵی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی له سه‌رخستنی فێستیڤاڵه‌كه كرا.
پێشانگه‌ی شێوه‌كاری هاوبه‌شی هونه‌رمه‌ندانی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان كرایه‌وه
دواتر پێشانگه‌ی شێوه‌كاری هاوبه‌شی هونه‌رمه‌ندانی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان كرایه‌وه، له كردنه‌وه‌ی پێشانگهكهدا له پاڵ وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، هه‌ریه‌ك له به‌ڕێوبه‌ری مۆزه‌خانه و پارێزگار و جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمه‌كه وته‌یان پێشكه‌ش كرد.
حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید ستایشی ڕێكخستنی فێستیڤاڵێكی هه‌مه‌ڕه‌نگی فراوانی بۆ نه‌ته‌وه‌ی بێ ده‌وڵه‌تی كورد
له وتاره‌كه‌یدا، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به بایه‌خه‌وه ستایشی ڕێكخستنی فێستیڤاڵێكی هه‌مه‌ڕه‌نگی فراوانی بۆ نه‌ته‌وه‌ی بێ ده‌وڵه‌تی كورد كرد و سوپاسی ڕێكخه‌رانی فێستیڤاڵه‌كه و لێپرسراوانی هه‌رێمه‌كه‌ی كرد.
ئێمه گه‌لێكی 40 تا 50 ملیۆن كه‌سین، بێده‌وڵه‌تین
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا وتی، "ئێمه گه‌لێكی 40 تا 50 ملیۆن كه‌سین، بێده‌وڵه‌تین، دابه‌شكراوین به‌سه‌ر توركیا، ئێران، عێراق و سوریادا، بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی 100 ساڵه خه‌بات ده‌كه‌ین و به‌رگری ده‌كه‌ین بۆ مانه‌وه و پاراستنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییمان، له‌به‌رئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌یه‌كی زۆره خاكه‌كه‌مان داگیركراوه و كۆمه‌ڵكوژیمان به‌رامبه‌ر ده‌كرێت، له هه‌مو كه‌س زیاتر هه‌وڵده‌ده‌ین ئاشتیی و ئازادی و پێكه‌وه‌ژیان بێته‌دی".
له كوردستانی عێراقدا، هه‌رێمێكی ده‌ستوری و یاساییمان هه‌یه، توركیا و ئێران به درۆن و موشه‌ك هێرشماندهكهنه سه‌ر
ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو، "له كوردستانی عێراقدا، هه‌رێمێكی ده‌ستوری و یاساییمان هه‌یه، توركیا و ئێران به درۆن و موشه‌ك هێرشماندهكهنه سه‌ر، به بیانوی ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان مه‌ترسییان بۆ دروستده‌كات، به‌ڵام ئه‌و بیانوه ڕاست نییه، ئێمه به هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌بوینه‌ته هه‌ڕه‌شه و ناشبینیه مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایشی هیچ وڵاتێكی دراوسێمان".
حكومه‌ت ده‌یه‌وێت هه‌مو پێكهاته‌كان له هه‌رێمی كوردستان ئازاد بن
هه‌روه‌ها تیشكی خسته سه‌ر ستراتیژی كاركردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ بایه‌خدان به كو‌لتور و ڕۆشنبیری و هونه‌ری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی هه‌مو پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان و جه‌ختی له‌سه‌ر ڕۆڵی هونه‌ر له چه‌سپاندنی گیانی یه‌كدی قبوڵكردن و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه و دروستكردنی په‌یوه‌ندی كولتوری و هونه‌ری نێوان نه‌ته‌وه‌كان كرده‌وه، ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، "حكومه‌ت ده‌یه‌وێت هه‌مو پێكهاته‌كان له هه‌رێمی كوردستان ئازاد بن، بۆ هێنانه‌دی ئه‌و ئامانجه‌ش، له په‌رله‌مان، حكومه‌ت، حكومه‌ته خۆجێیه‌كاندا پێكهاته‌كانی سریان، ئاشوری، كلدان، ئه‌رمه‌نی و توركمان نوێنه‌رایه‌تییان هه‌یه و له وهزارهتهكهشماندا به‌ڕێوبه‌رایه‌تی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه".
حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی فێستیڤاڵی "كوردستان ڕوخسارهكانی ڕزگاربون"، رۆژی 24ـی (تشرینی دوه‌م/11)ی 2022 به سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشته وارشۆی پایته‌ختی پۆڵندا.