خه‌ندان-
بریكاری وه‌زیری ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه رایگه‌یاند، ده‌رگای دامه‌زراندنیان به‌ڕوی ئه‌و 500 كارمه‌نده‌دا كردوه‌ته‌وه، كه له سه‌رده‌می كۆرۆناوه ئه‌زمونیان په‌یداكردوه و به‌رده‌وامیش ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رچوان دابمه‌زرێنن، له‌باره‌ی به‌رزبونه‌وه‌ی ژماره‌ی توشبوانی شێرپه‌نجه‌ش ده‌ڵێت، "به‌هۆی نه‌بونی پاره و بودجه‌وه ژماره‌كه به‌رزبوه‌ته‌وه و له‌سه‌ر پێدانی قه‌رزیش به توشبوانی شێرپه‌نجه هیچ نوسراوێكی فه‌رمیمان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتوه".
ته‌نها شه‌ش ملیار بۆ كڕینی ده‌رمان و سێكته‌ری ته‌ندروستی دابین كراوه
د. ره‌هێڵ فه‌ره‌یدون، بریكاری وه‌زیری ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ شه‌ممه له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له سلێمانی رایگه‌یاند، به‌هه‌وڵی ته‌واو توانیویانه بڕی پاره‌ی سێكته‌ری ته‌ندروستی كه مانگانه كۆی ده‌كه‌نه‌وه له چه‌ند مانگی رابردودا بگه‌یه‌ننه حه‌وت ملیار دینار، له كاتێكدا ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی پێویسته بۆ چاككردنه‌وه‌ی ئامێره ته‌ندروستییه‌كان و پێدانی موچه‌ی كارمه‌ندانیان حه‌وت ملیاره، به‌ڵام ته‌نها شه‌ش ملیار بۆ كڕینی ده‌رمان و سێكته‌ری ته‌ندروستی دابینكراوه و وابڕیاریشه بۆ حه‌وت ملیار به‌رزبكرێته‌وه".
ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی له‌سه‌رده‌می كۆرۆنادا به‌گرێبه‌ست بون، به‌ڵێنی دامه‌زراندنیان دراوه
له‌سه‌ر پرسی ده‌رچوانی زانكۆكان كه له‌كاتی كۆرۆنادا وه‌ك تیمی چڕ دامه‌زران، د. ره‌هێڵ فه‌ره‌یدون وتی، "ئێمه له‌سه‌ر ئه‌م پرسه له‌گه‌ڵ نوێنه‌ره‌كانیان كۆبوینه‌ته‌وه و له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ش به‌ڕێز د. سامان، وه‌زیری ته‌ندروستی لێدوانیداوه، ئێمه له‌سه‌ر پرسی ئه‌و ده‌رچوانه پێشتر له‌كاتی كۆرۆنادا وه‌ك تیمی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی خێرا و چڕ دامه‌زران، به‌تایبه‌ت له یاریده‌ده‌ری سڕكردن و په‌رستاری زانكۆیی، ئێستاش له چه‌ند به‌شێكی نه‌خۆشخانه‌ی شار و دامه‌زراوه‌ی دیكه كارده‌كه‌ن، به‌ڵێنی دامه‌زراندنیان بۆدراوه و له هه‌فته‌ی داهاتوتردا رێكاره‌كانیان به‌ته‌واوه‌تی كۆتایی پێدێت".
پێشینه‌ی دامه‌زراندن بۆ ئه‌و 500 كارمه‌نده‌یه كه له‌سه‌رده‌می كۆرۆناوه له‌گه‌ڵماندا بون
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "ئێمه كارمان له‌سه‌ر دامه‌زراندنی ئه‌و ده‌رچوانه كردوه كه پێشتر له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه له سه‌رده‌می كۆرۆنادا گرێبه‌سته‌كانیان شه‌ش مانگ جارێك بۆ تازه ده‌كرایه‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئێستا مانیان گرتوه و ده‌وامناكه‌ن، به‌ڵام له‌كاتی ئه‌و روداوه نه‌خوازراوه‌ی سلێمانیدا به‌شێكیان گه‌ڕانه‌وه سه‌ركاره‌كانیان بۆ ئه‌وه‌ی كورتهێنان له پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری ته‌واو له‌سه‌ر هاوڵاتیان و هه‌م نه‌خۆشخانه‌كانیشمان نه‌بێت".
نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌ڵمانی لە ئێستادا داوای دامه‌زراندنی 100 كارمه‌ندمان بۆ كردون
رونیشیكرده‌وه، "له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه شوێنی دیكه‌مان هه‌یه كه پێویستی به كارمه‌ند هه‌یه وه‌ك نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌ڵمانی كه داوای دامه‌زراندنی 100 كارمه‌ندمان بۆ كردون و شوێنی دیكه‌شمان هه‌یه كه پێویستیان به كارمه‌ندی ته‌ندروستی هه‌یه بۆ چاودێری چڕ، به‌ڵام له ئێستدا ده‌رگای دامه‌زراندن بۆ ئه‌و 500 كه‌سه كردوه كه ماوه‌ی دوساڵه به‌به‌رده‌وامی كارمان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن له‌سه‌رده‌می كۆرۆناوه ئه‌زمونی ته‌واویان هه‌یه له‌و باره‌یه‌وه پاشان دامه‌زراندن بۆ ده‌رچوانی دیكه‌ش ده‌كرێته‌وه".
نه‌بونی بودجه و پاره ژماره‌ی توشبوانی شێرپه‌نجه‌ی زیاتر كردوه
له وه‌ڵامی پرسیارێكی په‌یامنێری خهندانیشدا له‌سه‌ر ره‌وشی توشبوانی شێرپه‌نجه، بریكاری وه‌زیری ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان وتی، "ئه‌م بابه‌ته‌مان زۆرجار وروژاندوه، ئه‌مه بابه‌تێك نییه كه له‌ئێستادا بڵێین ئاماره‌كان به‌م ئه‌ندازه‌یه زیادیانكردوه، چونكه به‌داخه‌وه بوه‌ته بابه‌تێكی رۆژانه، هه‌روه‌ها دره‌نگ دركپێكردن به نه‌خۆشییه‌كه‌ش بوه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م ژماره‌یه زیاتر ببێت، له‌به‌رامبه‌ریشدا ئه‌م ژماره‌یه‌ش له‌لای ئێمه به‌ته‌نها زیادی نه‌كردوه، له‌ته‌واوی جیهاندا ئه‌م نه‌خۆشییه به ده‌یان هۆكاری جیاواز به‌رزبونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه بینیوه، كێشه‌ی ئێسته‌ی شێرپه‌نجه كه‌می پاره و بوجه‌ی پێویسته بۆیه له ئێستادا به‌شێوه‌یه‌كی زه‌قتر دركی پێده‌كرێت".
تاقیگه‌ی سنوری باشماخ به ستانداردی نێوده‌وڵه‌تی كاره‌كانی به‌ڕێوه‌ده‌بات
ئاماژه‌ی بهوهشكردوه، "ئێمه رۆژی چوارشه‌ممه له باشماخ بوین، سه‌ردانی تاقیگه‌ی ئه‌و خاڵه سنورییهمانكرد كه لێره‌یه‌وه خواردن ده‌هێنرێته هه‌رێمی كوردستانه‌وه، ئه‌وه‌ی له‌وێ بینیم به سیستمێكی نێوده‌وڵه‌تی تاقیگه‌كه كاره‌كانی به‌ڕێوه ده‌بات به ستانداردێكی زۆر نێوده‌وڵه‌تی خواردن هاورده‌ده‌كرێت هیواداریشم له خاڵه سنورییه‌كانیش دیكه‌ش به‌هه‌مان شێوه بێت، پێویستیشمان به توندكردنه‌وه‌ی رێكاره‌كان هه‌یه و له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ش به‌رده‌وامین و به‌دواداچون و سه‌ردانی مه‌یدانی ده‌كه‌ین".
تا ئێستا ئه‌و بڕیاره به‌كاربه‌ر نییه بۆ ئێمه هیچ نوسراوێكی فه‌رمیش به‌ده‌ستمان نه‌گه‌یشتوه
له‌سه‌ر پرسی پێدانی قه‌رزیش به توشبوانی شێرپه‌نجه له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندییه‌وه ره‌هێڵ فه‌ره‌یدون باسی له‌وه‌كرد، "تا ئێستا ئه‌و بڕیاره به‌كاربه‌ر نییه بۆ ئێمه هیچ نوسراوێكی فه‌رمیش به‌ده‌ستمان نه‌گه‌یشتوه، راسته ده‌وترێت كه ئه‌م بڕیاره هه‌رێمی كوردستانیش ده‌گرێته‌وه، ئێمه‌ش هه‌وڵی زۆرمان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌داوه، چونكه به‌شێك له هاوڵاتیانی باشور و خواروی هه‌رێمی كوردستان له سلێمانی و پاشان له هه‌ولێریش چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن، بۆیه هه‌وڵی تهواومانداوه ئێمه‌ش بگرێته‌وه".
ئه‌و په‌تا وه‌رزییه‌ی ئێستا بڵاوبوه‌ته‌وه له په‌تایی وه‌رزی ئاسایی توندتر و به‌هێزتره
له‌سه‌ر ده‌نگۆی بڵاوبونه‌وه‌ی په‌تایه‌كی نوێ به‌تایبه‌ت له ناوه‌نده‌كانی خوێندندا وتی، "سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هیچ توشبویه‌ك تۆمارنه‌كراوه، به‌ڵام حكومه‌تی عێراق له‌سه‌ر بڵاوبونه‌وه‌ی شه‌پۆلێكی نوێی كۆرۆنا هۆشداری داوه، ئه‌م په‌تایه‌ی ئێستاش له‌نێو ته‌واوی به‌شێكی زۆری هاوڵاتیان ماوه‌یه‌ك بونی هه‌یه وله په‌تای ئاسایی توندتر و به‌هێزتره، ئێمه له‌نێو ته‌واوی به‌رێوبه‌رایه‌تییه گشتییه‌كان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆپارێزی ته‌ندروستیمان هه‌یه به‌تایبه‌تی له هه‌ر سێ شاری سلێمانی، هه‌ولێر و دوهۆك، له رێگایانه‌وه رێكاری خۆپارێزی تایبه‌ت ده‌خرێنه رو له‌كاتی پێویستدا".