سوپای پاسداران هێزی زەمینی رەوانەی سنوری هەرێمی کوردستان دەکات

01:23 - 25/11/2022

16658جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، بە ئامانجی روبەڕوبونەوەی جموجۆڵی "گروپە جوداخوازەکان" لەسەر سنوری هەرێمی کوردستان و رێگری لە هاوردەکردنی چەک بۆ ناو وڵات، سوپای پاسداران بڕیاریدا هێزی زەمینی و یەکەی زرێپۆشی زیاتر رەوانەی سنورەکانی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات.

دەستمانکردوە بە بڵاوپێکردنی یەکەی زرێپۆش و هێزی زیاتر

محەمەد پاکپور، فەرماندەی هێزە زەمینی سوپای پاسداران ئەمڕۆ هەینی لە لێدوانێکدا کە میدیای فەرمی ئەو وڵاتە بڵاویکردوەتەوە، ئاماژەی بەوەشداوە، لەم کاتەدا دەستیانکردوە بە بڵاوپێکردنی یەکەی زرێپۆش و هێزی زیاتر لە سنورەکانی رۆژئاوا و باکوری رۆژئاوای وڵات کە هاوسنورە لەگەڵ عێراق، ئامانجیش لەو هەنگاوە پتەوکردنی ئاسایشی سنورەکانە بەهاوکاری لەگەڵ هێزە خۆجێیەکانی ئەو ناوچەیە و پشتیوانی هاوڵاتیانی دڵسۆز.

 بۆ رێگیرکردنە لە  لە هاوردەکردنی چەک بۆ ناو وڵات

ئەوەشی خستوەتەڕو، ئامانج لە ناردنی هێزی زەمنی بۆ سنوری هەرێمی کوردستان بۆ روبەڕوبونەوەیە لەگەڵ "گروپە جوداخواز و هێرش تیرۆرستییەکانیان" کە کەوتونە باکوری عێراق، ئامانجێکی دیکەی رەوانەکردنی هێزیش بۆسەر سنوری هەرێم، بۆ رێگیرکردنە لە  لە هاوردەکردنی چەک بۆ ناو وڵات.

ئێران هێرشی زەمینی دەکەنەسەر هەرێمی کوردستان

18ی ئەم مانگەش کۆماری ئیسلامی ئێران بۆیەکەمینجار بە ئاشکرا هەڕەشەی هێرشی زەمینی بۆسەر هەرێمی کوردستان کرد و ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران رایگەیاند، ئەگەر حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێم چەک نەکرێن و سوپای عێراق بۆ راگرتنی سنوبەزاندنەکانیان نەهێرێتەسەر سنور، ئێران هێرشی زەمینی دەکاتەسەر هەرێمی کوردستان.