خەندان-
ئەمڕۆ پێنجشەممە لەسەر داوای بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کۆبونەوەی لوتکەی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان لە هاوینەهەواری دوکان بەڕێوەدەچێت و تیایدا سەرنج و نیگەرانی لایەنەکان لەسەر دۆخی سیاسی، حکومڕانی و ئەمنی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکرێت، هەروەها چۆنیەتی هەنگاونان بۆ چارەسەری کێشە سیاسی، خزمەتگوزاری و ئەمنییەکانیش گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
عومەر سەید عەلی، سەڵاحەدین بەهائەدین و عەلی باپیر لەکۆبونەوەکە بەشدارن
لەکۆبونەوەکەی ئەمڕۆدا کە لەسەر بانگهێشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت، هەریەک لە عومەر سەید عەلی بەسەرۆکایەتی شاندی بزوتنەوەی گۆڕان، سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان، عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، کاوە مەحمود، سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان، محهمهدی حاجی مهحمود، سهرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان، سەرۆک و سکرتێری چەند پارتێکی دیکەش لە پێکهاتەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لە کۆبونەوەکەی هاوینەهەواری دوکان بەشدارن.
باس لە دۆخی سیاسی، حکومڕانی و ئەمنی هەرێمی کوردستان دەکرێت
سوبحی مەهدی، وتەبێژی حزبی شیوعی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، کاوە مەحمود، سکرتێری حزبی شیوعی بەشداری کۆبونەوەی لایەنەکان دەکات کە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە دوکان بەڕێوەدەچێت و تیایدا باس لە دۆخی سیاسی، حکومڕانی و ئەمنی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
بونی یەکێتی ناوخۆییمان گەرەنتی پاراستنی ماف و دەستکەوتەکان دەکات
ئاماژەی بەوەشكرد، چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم پێویستی بە دانوستانی بەردەوامی لایەنەکان هەیە بەتایبەت بۆ میللەتێکی دابەشکراوی وەک کورد کە دوژمنی زۆر و دۆستی کەمە، چونکە بونی یەکێتی ناوخۆیی گەرەنتی پاراستنی ماف و دەستکەوتەکان دەکات.
بەرنامەیەکی هاوبەش دابنێین تاوەکو میللەت و نیشتیمانەکەمان بەرەو کەنارێکی ئارام بەرین
وتەبێژی حزبی شیوعی کوردستان وتیشی، لەکۆبونەوەکەدا باری سەرنجی لایەنەکان لەسەر کێشەکانی هەرێمی کوردستان دەخرێتەڕو و بڕیارە لە داهاتویەکی نزیکدا پارتیش سەردانی هەمو حزبەکان بکات، ئەوانیش وەک حزبی شیوعی داوا دەکەن کۆبونەوەیەکی هاوبەشی هەمو لایەنەکان بکرێت و بەرنامەیەکی هاوبەشی "پابەندکار دابنێین تاوەکو میللەت و نیشتیمانەکەمان بەرەو کەنارێکی ئارام بەرین."
نیگەرانییەکان لە پشتگوێخستنی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لەکۆبونەوەکە باس دەکرێن
پەیوەست بەم بابەتەش عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی کۆمەڵی دادگەری کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، بەشێکی سەرەکی ئەو دانیشتنە پەیوەستە بە نیگەرانی یەکێتی لە پرسی پشتگوێخستنی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین لە ڕوی خزمەتگوزارییەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە.
دۆخی هەرێم لەڕوی سیاسییەوە رۆژ بە رۆژ ئاڵۆزتر و خراپتر دەبێت
ئاماژەی بەوەشکرد، دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستانیش تەوەرێکی دیکە کۆبونەوەکە دەبێت، چونکە لەڕوی سیاسییەوە دۆخی هەرێم رۆژ بە رۆژ ئاڵۆزتر و خراپتر دەبێت بەجۆرێک ئێستا یەکێتی کە بەشدارێکی سەرەکی حکومەتە، بایکۆتی ئەنجومەنی وەزیرانی کردوە و بەشداری کۆبونەوەکان ناکات، هەروەها پەرلەمانیش کە ماوەکەی بەسەر چوە بەشێک لەلایەنەکان کشاونەتەوە و بەشێکی دیکەشیان بایکۆتی کۆبونەوەکانیان کردوە.
باشترین چارەسەر بۆ دۆخی سیاسی هەرێم ئەوەیە لە نزیکترین کاتدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت
پەیوەست بە چارەسەری کێشەکانی هەرێمیش عەبدولستار مەجید وتی، باوەڕیانوایە باشترین چارەسەر بۆ دۆخی سیاسی هەرێم ئەوەیە لە نزیکترین کاتدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت بە مەرجی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان.
یهكێتی دهیهوێت كۆدهنگی لایهنهكان دروستبكات بۆ چارهسهری كێشهكان
هەروەها سالار سهرحهد، لێپرسراوی بۆردی پهیوهندییه كوردستانییهكانی یهكێتی دەڵێت، ئامانج لەکۆبونەوەکەی دوکان بۆ گفتوگۆكردنە لهبارهی بارودۆخی ههرێمی كوردستان و كێشه ههڵپهسێردراوهكانی نێوان ههرێم و عێراق، یهكێتیش دهیهوێت كۆدهنگی لایهنهكانی ههرێمی كوردستان دروستبكات بۆ چارهسهری كێشهكان بهپێی دهستور و لهسهر بهرژهوهندی گشتی.
كهسی یهكهمی سهرجهم حزبەکان بانگهێشت کراون بهبێ رهچاوكردنی ژمارهی كورسی
ئەوەشی خستەڕو، "یهكێتی لهم كۆبونهوهیهدا كهسی یهكهمی سهرجهم حزب و پارته سیاسییهكانی بهبێ رهچاوكردنی ژمارهی كورسی و لهسهر بنهمای یهكدهنگی هاوبهش بۆ پرسه نیشتمانییهكان بانگهێشتكردوه، ئهم كۆبونهوهیه لهسهر بنهمای خهمخۆرییه بۆ چارهسهری ریشهیی كێشهكان و ئهمهش ئهو سیاسهته دروستهیه كه ههرێمی كوردستان و عێراق پێویستی پێیهتی و ههمان ئهو سیاسهتهیه كه سهرۆك مام جهلال بهردی بناغهی بۆ داناوه".
یەکێتی لە دۆخی حکومڕانی هەرێمی کوردستان رازی نییە
ئەوەش لەکاتێکدایە 15ی ئەم مانگە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند، یەکێتی لە دۆخی حکومڕانی هەرێمی کوردستان رازی نییە و داوای هاوبەشی و پێداچونەوە دەکات بە دۆخی حکومڕانیدا، لەو چوارچێوەیەشدا "ئێمە داوا دەکەین هەمو داهاتی هەرێمی کوردستان کۆبکرێتەوە و بە دادپەروەری دابەشبکرێت".
ئەوەی ئێستا هەیە جۆرێکە لە دو ئیدارەیی
ئاماژەی بەوەشکرد، دۆخی خزمەتگوزارییەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی خراپە و ناکرێت ئەم دۆخەکە بەردەوام بێت، بەجۆرێک ئێستا "لەبری حکومەت خۆمان پارەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دابین دەکەین، هەمو کەسیش لەم دۆخە ناڕازییە، ئێمە داوای لامەرکەزیەتمان کردوە، نەک دو ئیدارەیی بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە جۆرێکە لە دو ئیدارەیی".
داوای یەکخستنەوەی دەروازەکان دەکەین
سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەبارەی داهاتی سلێمانیش وتی، "لەم زۆنەدا کێشەی جددیمان هەیە چونکە هەمو کەسێک دەزانێت داهاتی دەروازەکان لە سنوری سلێمانی هێندەی داهاتی سنوری دهۆک و هەولێر نابێت، هەروەها 273 کۆمپانیا لە سلێمانی مایەپوچ بون و هەمو پڕۆژەکانیش لەم سنورەدا وەستاون، بۆیە ئێمە داوا دەکەین هەمو داهاتی هەرێمی کوردستان کۆبکرێتەوە و بە دادپەروەری دابەشبکرێت، هەروەها داوای یەکخستنەوەی دەروازەکان دەکەین".
قوباد تاڵەبانی بەشداری کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ناکات
22ی ئەم مانگەش سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، قوباد تاڵەبانی بەشداری کۆبونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیران ناکات.
تا نیگەرانییەكان نەڕەوێندرێنەوە، بەشداریی دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران ناكەین
سەبارەت بە بەشدارینەکردنی تیمی یەکێتیش لە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران کە ماوەی شەش هەفتەیە بەشداری هیچ کۆبونەوەیەک ناکەن، پێشتر سهرچاوهیهك له نوسینگهی جێگری سهرۆك وهزیران به خهندان-ی راگهیاندبو، "تا نیگەرانییەكان نەڕەوێندرێنەوە، بەشداریی دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران ناكەین."