بەبێ بەشداری پارتی، کۆبونەوەی لوتکەی لایەنەکانی هەرێم لە دوکان بەڕێوەدەچێت

11:46 - 23/11/2022

18191جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەمەبەستی تاوێکردنی دۆخی سیاسی، خزمەتگوزاری و نیگەرانیی لایەنەکان لە ئەدائی حکومەتی هەرێم، سبەی پێنجشەممە لەسەر داوای بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆبونەوەی لوتکەی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بەبێ بەشداری پارتی، لە هاوینەهەواری دوکان بەڕێوەدەچێت.

نیگەرانییەکان لە پشتگوێخستنی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لەکۆبونەوەکە باس دەکرێن

عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی کۆمەڵی دادگەری کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، کۆمەڵی دادگەری بانگهێشتی کۆبونەوەکەی سبەی دوکان کراوە و لەسەر ئاستی باڵاش بەشدار دەبێت، کە بەشێکی سەرەکی ئەو دانیشتنە پەیوەستە بە نیگەرانی یەکێتی لە پرسی پشتگوێخستنی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین لە ڕوی خزمەتگوزارییەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە.

دۆخی هەرێم لەڕوی سیاسییەوە رۆژ بە رۆژ ئاڵۆزتر و خراپتر دەبێت

ئاماژەی بەوەشکرد، دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستانیش تەوەرێکی دیکە کۆبونەوەکە دەبێت، چونکە لەڕوی سیاسییەوە دۆخی هەرێم رۆژ بە رۆژ ئاڵۆزتر و خراپتر دەبێت بەجۆرێک ئێستا یەکێتی کە بەشدارێکی سەرەکی حکومەتە، بایکۆتی ئەنجومەنی وەزیرانی کردوە و بەشداری کۆبونەوەکان ناکات، هەروەها پەرلەمانیش کە ماوەکەی بەسەر چوە بەشێک لەلایەنەکان کشاونەتەوە و بەشێکی دیکەشیان بایکۆتی کۆبونەوەکانیان کردوە.

یەکگرتو، گۆڕان و کۆمەڵ لە ئاستی باڵا بەشدار دەبن

بەگوێرەی زانیارییەکانی خەندان لەکۆبونەوەکەی دوکان، هەریەک لە یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەری کوردستان، حزبی شیوعی کوردستان و حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ئاستی باڵا بەشداری دەکەن.

 باشترین چارەسەر بۆ دۆخی سیاسی هەرێم ئەوەیە لە نزیکترین کاتدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت

پەیوەست بە چارەسەری کێشەکانی هەرێمیش عەبدولستار مەجید وتی، باوەڕیانوایە باشترین چارەسەر بۆ دۆخی سیاسی هەرێم ئەوەیە لە نزیکترین کاتدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت بە مەرجی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان.

یەکێتی لە دۆخی حکومڕانی هەرێمی کوردستان رازی نییە 

ئەوەش لەکاتێکدایە 15ی ئەم مانگە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند، یەکێتی لە دۆخی حکومڕانی هەرێمی کوردستان رازی نییە و داوای هاوبەشی و پێداچونەوە دەکات بە دۆخی حکومڕانیدا، لەو چوارچێوەیەشدا "ئێمە داوا دەکەین هەمو داهاتی هەرێمی کوردستان کۆبکرێتەوە و بە دادپەروەری دابەشبکرێت".

ئەوەی ئێستا هەیە جۆرێکە لە دو ئیدارەیی

ئاماژەی بەوەشکرد، دۆخی خزمەتگوزارییەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی خراپە و ناکرێت ئەم دۆخەکە بەردەوام بێت، بەجۆرێک ئێستا "لەبری حکومەت خۆمان پارەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دابین دەکەین، هەمو کەسیش لەم دۆخە ناڕازییە، ئێمە داوای لامەرکەزیەتمان کردوە، نەک دو ئیدارەیی بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە جۆرێکە لە دو ئیدارەیی".

داوای یەکخستنەوەی دەروازەکان دەکەین

سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەبارەی داهاتی سلێمانیش وتی، "لەم زۆنەدا کێشەی جددیمان هەیە چونکە هەمو کەسێک دەزانێت داهاتی دەروازەکان لە سنوری سلێمانی هێندەی داهاتی سنوری دهۆک و هەولێر نابێت، هەروەها 273 کۆمپانیا لە سلێمانی مایەپوچ بون و هەمو پڕۆژەکانیش لەم سنورەدا وەستاون، بۆیە ئێمە داوا دەکەین هەمو داهاتی هەرێمی کوردستان کۆبکرێتەوە و بە دادپەروەری دابەشبکرێت، هەروەها داوای یەکخستنەوەی دەروازەکان دەکەین".

قوباد تاڵەبانی بەشداری کۆبونەوەی سبەی ئەنجومەنی وەزیران ناکات

دوێنێش سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، قوباد تاڵەبانی بەشداری کۆبونەوەی رۆژی چوارشەممەی ئەنجومەنی وەزیران ناکات.

تا نیگەرانییەكان نەڕەوێندرێنەوە، بەشداریی دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران ناكەین

سەبارەت بە بەشدارینەکردنی تیمی یەکێتیش لە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران کە ماوەی شەش هەفتەیە بەشداری هیچ کۆبونەوەیەک ناکەن،  پێشتر سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ نوسینگه‌ی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاندبو، "تا نیگەرانییەكان نەڕەوێندرێنەوە، بەشداریی دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران ناكەین."