خەندان-
بەهۆی لێچونی غازەوە لەگەڕەکی رزگاری تازە لە سلێمانی تەقینەوەیەک رویدا، خاوەنی ماڵەکەش دەڵێت، روداوەکە بەهۆی تەقینی غازی ماڵانەوە بوە و زیانی ماددی هەبوە، هەروەها دەرگا و شوشەی پەنجەرەی ماڵەکەی شکاون و خانوەکەشی جوڵاوە.
هیچ بریندارێک نەگەیەنراوەتە نەخۆشخانەکانی سلێمانی
سامان نادر بهڕێوهبهری سهنتهری فریاكهوتنی خێرای سلێمانی 122 به خهندان-ی راگهیاند، لەسەر روداوەکەی گەڕەکی رزگاری تازە لە سلێمانی هیچ بریندارێک نەگەیەنراوەتە نەخۆشخانەکانی سلێمانی.
روداوەکە بەهۆی غازی ماڵانەوە بوە و زیانی گیانی نەبوە
لای خۆیەوە خاوەنی ئەو ماڵەی روداوەکەی تیایدا رویداوە لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان رایگەیاند، روداوەکە بەهۆی غازی ماڵانەوە بوە و زیانی گیانی نەبوە، بەڵام شوشەی پەنجەرە و دەرگای ماڵەکەیان هەمویان شکاون، خانوەکەشیان لە جێگەی خۆی جوڵاوە.
خانوەکەمان لە ئەنجامی تەقینی بوتڵی غازەوە جوڵاوە
ئاماژە بەوەش دەکات، لەئێستادا تیمەکانی پۆلیس بۆ لێکۆڵینەوە سەردانیان کردون و ئەوان لەئێستادا چاوەڕێی رێنمایی لایەنی پەیوەندیدار دەکەن بۆ ئەوەی بزانن دەتوانن لەو ماڵەدا بمێننەوە، چونکە بەهۆی ئەوەی خانوەکەیان لە ئەنجامی تەقینی غازەکەوە جوڵاوە، رەنگە مەترسی لەسەر مانەوەیان دروست بکات.
تیمەکانمان لە روداوەکە ئاگادار نەکراونەتەوە
پەیوەست بەم بابەتەش ئارام عەلی، ئەفسەر لە بەرگری شارستانی سلێمانی بە خەندان-ی راگەیاند، تائێستا ئەو ماڵە تیمەکانی ئەوانیان لە روداوەکە ئاگادار نەکردوەتەوە، بۆیە تیمەکانی بەرگری شارستانی سلێمانی نەچون بۆ شوێنی روداوەکە.
شهوی رابردو خانویهكی سێ نهۆمی لە سلێمانی بهتهواوی روخا
شهوی رابردوش خانویهكی سێ نهۆمی له گهڕهكی كازیوهی شاری سلێمانی بههۆی تهقینی سیستمی غازهوه بهتهواوی روخاو بههۆیهوه 15 كهس گیانیان لهدهستدا و 12 كهسی دیكهش برینداربون، كه برینی دوانیان سهخته.
دیمەنی ماڵەکە:
