خه‌ندان-
ئه‌نجومه‌نی زانكۆی سلێمانی بڕیاریدا رۆژی شه‌ممه 19ی (تشرینی دوه‌م/11)ی 2022 پرۆسه‌ی خوێندن و تاقیكردنه‌وه‌كان و تۆماركردنی ئاماده‌نه‌بون له‌سه‌رجه‌م كۆلێژه‌كان ده‌ستپێبكاته‌وه و راشیگه‌یاند، "داوا لهخوێندكاران ده‌كه‌ین پابه‌ندی ده‌وام بن و خۆیان به‌دوربگرن له هه‌ر ره‌فتارێكی نازانستی و نا شارستانی ، بۆئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی خوێندن به شێوه‌یه‌كی زانستی و یاسایی په‌یڕه‌و بكرێت، هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و ڕه‌فتارانه‌ش كه هه‌ندێك كه‌س دژ به ناوبانگ و پێگه‌ی خوێندكاران و زانكۆمان كردویانه، رێوشوێنی یاساییان به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر".
ئه‌نجومه‌نی زانكۆی سلێمانی له ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه، "له رۆژانی رابردودا ژماره‌یه‌ك له خوێندكاران خۆپیشاندانیان بۆ هه‌ندێك داواكاری ئه‌نجامدا، له‌گه‌ڵ ڕه‌وایه‌تی به‌شێك له داواكارییه‌كانیان، به داخه‌وه دور له ره‌فتاری خوێندكاری زانكۆ، ناڕه‌زایه‌تییه‌كه به ئاڕاسته‌یه‌كی نامه‌ده‌نیدا براو به‌هۆیه‌وه زیانی مادی زۆر به بیناو كه‌ره‌سته‌ی زانكۆمان گه‌یه‌نرا، ئه‌مجۆره ڕه‌فتاره نامه‌ده‌نییانه كاریگه‌ری زۆر نه‌رێنی كردوه‌ته سه‌ر شاری سلێمانیش، بۆیه به پێویستی ده‌زانین ئه‌م رونكردنه‌وه‌یه بۆ رایگشتی بخه‌ینه‌ڕو.
ده‌قی رونكردنهوهكه:
یه‌كه‌م: سه‌باره‌ت به داواكاری ده‌رماڵه‌ی خوێندكاران، ئه‌م بابه‌ته ئه‌ركی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه نه‌ك زانكۆی سلێمانی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌نجومه‌نی زانكۆ پشتیوانی ئه‌م داوا ڕه‌وایه‌ی خوێندكارانی كردوه‌و به نوسراوی فه‌رمیش له دوا كۆبونه‌وه‌ی مانگی (6/2022) دا به كۆی ده‌نگ داوای ده‌رماڵه‌ی ساڵی خوێندنی (2022-2023)ی كردوه.
دوه‌م: سه‌باره‌ت به كرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران ئه‌م داواكارییهش له‌سه‌روی ده‌سه‌ڵاتی زانكۆی سلێمانییه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر چی ساڵانه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاوه رێژه‌ی له (%45) له كرێی خوێندن كهمكراوهتهوهو سێ ساڵه ئه‌م بڕیاره جێبه‌جێده‌كرێت، هه‌روه‌ها زانكۆی سلێمانی جیاواز له زانكۆكانی تر به‌شه ناوخۆیی بۆ خوێندكارانی (پارالێل- ئێواران) به بێبه‌رامبه‌ر دابینكردوه، كه ئه‌مه له هیچ زانكۆیه‌كی تردا نه‌كراوه.
سێیه‌م: سه‌باره‌ت به به‌شه‌ناوخۆییه‌كان و پێداویستییه‌كانیان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌م داواكارییه داوای خوێندكارانی زانكۆكانی تره، نه‌ك خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی، به‌ڵام بۆ دڵنیابونه‌وه‌ی هه‌مو لایه‌ك، زانكۆمان هه‌ر له پشوی هاوینه‌وه دڵسۆزانه له نۆژه‌نكردنه‌وه‌و دابینكردنی پێداویستییه‌كانی به‌شه ناوخۆییه‌كان درێغی نه‌كردوه، بۆ دڵنیاییش ورده‌كاری خزمه‌تگوزارییه‌كانی به‌شه‌ناوخۆییه‌كان، به به‌ڵگه‌وه به‌رده‌سته.
چواره‌م: ئه‌ركی زانكۆ ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی خوێندن و پێگه‌یاندنی كادری زانستییه بۆ بازاڕ‌و دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت، زانكۆی سلێمانیش پێگه‌یه‌كی به‌رچاوی زانستی له‌هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌دا هه‌یه و هه‌میشه پێشه‌نگ بوه، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌داواكاری دامه‌زراندن و هه‌لیكار بۆ ده‌رچوانی زانكۆ، ئه‌ركی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كانه، له‌كۆتاییدا بۆ سه‌رجه‌م هاوڵاتیین و رایگشتی راده‌گه‌یه‌نین كه ئه‌نجومه‌نی زانكۆمان، بڕیاریداوه رۆژی شه‌ممه 19-11-2022، پرۆسه‌ی خوێندن و تاقیكردنه‌وه‌كان و تۆماركردنی ئاماده‌نه‌بون له‌سه‌رجه‌م كۆلێژه‌كان ده‌ستپێده‌كاته‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش داوا له‌خوێندكارانی خۆشه‌ویست ده‌كه‌ین پابه‌ندی ده‌وام بن و خۆیان به‌دوربگرن له هه‌ر ره‌فتارێكی نازانستی و نا شارستانی ، بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی خوێندن به شێوه‌یه‌كی زانستی و یاسایی په‌یڕه‌و بكرێت ، هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و ڕه‌فتارانه‌ش كه هه‌ندێك كه‌س دژ به ناوبانگ و پێگه‌ی خوێندكاران و زانكۆمان كردویانه، رێوشوێنی یاسایی‌یان به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر.