مەلا بەختیار: پێویستە یەکێتی و پارتی سازش بۆ یەکتر بکەن

11:30 - 17/11/2022

2857جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی رایگەیاند، ئەگەر یەکێتی هەر رەخنەیەکی لە پارتی یان حکومەت هەیە پێویستە راستەوخۆ داوای کۆبونەوە بکات و داوای چارەسەرکردنیان بکات، هەروەها پارتی و حکومەتیش دەبێت لەسەر لێدوانەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی بوەستن و رونکردنەوە لەسەر پڕۆژەکانیان و ئەو پارەیە بدەن کە بۆ سلێمانی نێردراوە، لە هەمو دۆخێکیشدا پێویستە ئەو دو حزبە سازش بۆ یەکتر بکەن تاوەکو ناکۆکییەکان لەلایەن نەیارانەوە نەقۆزرێتەوە.

ناحەقییە ئەگەر هەردو حزبەکە نەگەن بە رێککەوتن
مەلا بەختیار لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمریکی-کوردستان لە دهۆک وتارێکی پێشکەش کرد و ئەوەشی خستەڕو، "یەکێتی ئەگەر گلەیی لە حکومەت یان پارتی هەیە با بچێت لەگەڵیان دابنیشێت و رەخنەکانی خۆی باس بکات ئەوەش هەنگاوێکی سروشتییە، بەڵام ناحەقییە ئەگەر هەردو حزبە لەبەر ناکۆکی و شەڕی یەکتر بەردەوام بن و نەگەن بە رێککەوتن".
پارتی وەڵامی نیگەرانییەکانی سەرۆکی یەکێتی بداتەوە
وتیشی، داوا دەکات پارتی و یەکێتی لەبری سەرقاڵبون بە ناکۆکی یەکترەوە سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەی کوردایەتی بن، سەرەڕای ئەوەش بەهۆی ئەوەی پارتی زۆرینەیە لە حکومڕانیدا ئەرکی زیاتر دەکەوێتەسەر شانی ئەو حزبە بۆ ئەوەی هەنگاو بۆ چارەسەری کێشەکان بنێت لەگەڵ یەکێتی، بەتایبەت دوایین لێدوانی بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی داهات و خزمەتگوزارییەکان لەسلێمانی دەبێت لەسەری بوەستێت و وەڵامی نیگەرانییەکانی بداتەوە.
 پارتی و یەکێتی سازش بۆ یەکتری بکەن
مەلا بەختیار ئەوەشی خستەڕو، بەگرنگی دەزانێت پارتی و یەکێتی سازش بۆ یەکتری بکەن بەپێچەوانەوە هەموان زیان دەکەن، چونکە لە ناوچەکەدا گۆڕانکاری بەڕێوەیە و لەم قۆناغەدا پێویستە کورد لە عێراق بە یەکگرتویی و خاوەن یەک کارنامەی هاوبەشەوە کاربکات.
بە ئایندەی عێراق گەشبین نیم
لەبارەی دۆخی عێراقیش وتی، "285 ملیار دۆلار لە عێراق دزراوە، چ پارەیەک بۆ خەرجکردن ماوە، ئێستاش هەمو لایەنەکانی ژیان لە عێراق خراپن و من بە ئایندەی عێراق گەشبین نیم."

نیشانەکردن

یەکێتی پارتی

بەپەلە