دو کەس کاندیدن بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان؛ خەندان ناوەکانیان ئاشکرا دەکات

06:17 - 13/11/2022

30158جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای بونی بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، هێمن هەورامی لە پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەستلەکاردەکێشێتەوە و لەناو فراکسیۆنی پارتیشدا هەریەک لە زانا مەلا خالید و لیزا فەلەکەدین کاکەیی بۆ شوێنگرتنەوەی کاندید کراون، پەرلەمانتارێکی ئەو حزبەش دەڵێت، دوا بڕیار لەلای سەرۆکی پارتییە.

 هێمن هەورامی دەستلەکاردەکێشێتەوە

وەیسی سەعید، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، بەگوێرەی دوایین بڕیاری مەکتەبی سیاسی پارتی پێویستە سەرجەم ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حزبەکەیان دەستبەرداری پۆستە حکومییەکان ببن و خۆیان بۆ کاروباری حزب تەرخانبکەن، لەو چوارچێوەشدا هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەداهاتویەکی نزیکدا دەستلەکاردەکێشێتەوە.

زانا مەلا خالید و لیزا فەلەکەدین کاکەیی بۆ شوێنگرتنەوەی کاندید کراون

بەگوێرەی زانیارییەکانی خەندان بۆ شوێنگرتنەوەی هێمن هەورامی تائێستا ناوی دو پەرلەمانتاری ئەو حزبە پێشنیاز دەکرێن بۆ ئەوەی وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەستبەکاربن، ئەوانیش بریتین لە زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان و لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی کە لەکۆنگرەی 14ی حزبەکەیدا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا.

دوا بڕیار لەسەر ئەو بابەتە سەرۆکی پارتی دەریدەکات 

پەیوەست بە کاندیدی پارتیش بۆ شوێنگرتنەوەی هێمن هەورامی، وەیسی سەعید وتی، لەناو فراکسیۆنەکەی ئەوانیشدا ئەو ناوانە باس دەکرێن بەڵام دوا بڕیار لەسەر ئەو بابەتە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەریدەکات و ئەوانیش بەکۆی دەنگ پشتیوانی ئەو کاندیدە دەبن کە سەرۆکایەتی حزب پەسەندی دەکات بۆ ئەوەی وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمان هەڵببژێدرێت.