سەرکردایەتییه‌كی یەکێتی: بۆ وڵاتانمان رونكردنه‌وه‌ كه‌ ئێمەنین شەڕمان دەوێت

09:34 - 10/11/2022

9275جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

رابیحە محەمەد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی رایگه‌یاند، نوێنەری وڵاتانیان بۆ ئەوە کۆنەکردەوە بڵێن شەڕیان ده‌وێت، به‌ڵكو "بۆئەوەی رونیبکەینەوە کە ئێمە بێتاوانین، ئەوە پارتییە دەست بۆ ئێمە درێژ دەکات و دەیەوێت لە شوێنە هەستیارەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بدات تەنانەت دەست بۆ دەزگای زانیاری و بۆ کەسایەتییە ئەمنیە دیارەکانی ناو یەکێتی دەبات"، ده‌شڵێت، "تەنها دەمانەوێت ئەوە ڕون بکەینەوە، ئێمەنین شەڕمان دەوێت یەکێتی هەمیشە لایەنی ئاشتیخواز و میانڕەو بوه".

رابیحە محەمەد له‌باره‌ی كۆبونه‌وه‌ی دوێنێ چوارشه‌ممه‌ی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی له‌گه‌ڵ دیپلۆمات، كونسوڵ و نوێنه‌ری وڵاتان بە دەنگی ئەمریکای راگه‌یاند، "لە یەکەم ڕۆژی ڕوداوەی شەهیدکردنی عەقید هاوکار جاف کە ئەندامێکی چالاکی خۆمان بوە لە پلە سەربازییەکەی، پارتی لەکاتێکی زۆر کورتدا هەندێک بەیاننامەی لێکچووی بڵاوکردەوە، لە هەمان کاتیشدا چەند کاتژمێرێکی نەبرد تر هێرشکرایە سەر ماڵی چەند کەسێک و تاوانبار کران بەوەی کە ئەوان ئەو کردەوەیان ئەنجامداوە، ئەمە خۆی کارێکی تیرۆریستیە لە هەر شوێنێک ڕوبدات، یەکەم شت هێزی ئەمنی ئەو ناوچەیە بەرپرسیارە لەوەی کە ئەو کردەوە تیرۆریستیە ڕویداوە، بۆچی ئاسایشی ناوچەکە ناپارێزن؟ دوەم، دەیان کردەوەی تیرۆریستی لە هەولێر ڕویداوە و خەڵک کوژراوە، بەڵام هەتا ئێستا نە بکوژەکان دۆزراونەتەوە وەکو پێویست، نە کامێراکانیش هەبون و نە بەڵگەکانیش خراونەتەڕو، ئایا خێرە ئەو کردەوەیە بەو پەلە پەلە ڤیدیۆیەکە دروستبو و کامێراکان و تاوانبارەکەش دیاریکرا؟!".

ئەوان بەبێ لێکۆڵینەوە کۆمەڵێک خەڵکیان تاوانبار کردوە کە خەڵک هەیە لەشوێنی حەساسی یەکێتیە
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "بەپێی دەستوری عێراقیش و بەپێی یاسای سزادانی عێراقی تاوانبار هەر کەسێک بێت بێتاوانە هەتا ئەو کاتەی تۆمەتەکە لەسەری دەچەسپێت، بەڵام ئەوان هەتا ئێستا بەبێ لێکۆڵینەوە کۆمەڵێک خەڵکیان تاوانبار کردوە کە خەڵک هەیە لەشوێنی حەساسی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، ئەمەش کە لە ڕاگەیاندنی سەتەلایت بڵاوکرایەوە واتە ئەمە بۆ ڕای گشتی بڵاوکراوەتەوه،‌ بۆیە ئێمەش دەمانەوێت بە ڕای گشتی ڕابگەیەنین کە ئەو ڤیدیۆیانەی بەو شێوەیە بڵاوکراونەتەوە هەموی دورن لە ڕاستیەوە".
جەماوەر لەوەدا خۆی دادوەرە قەناعەتی بەکامە بێت، ئەو سیناریۆیەی پێشوتر دروستکرا هەمو ڤیدیۆیەکان دیارە چۆن تەنیسق کراوه
ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ده‌ڵێت، "جەماوەر لەوەدا خۆی دادوەرە قەناعەتی بەکامە بێت ئەو سیناریۆیەی پێشوتر دروستکرا هەمو ڤیدیۆیەکان دیارە چۆن تەنیسق کراوه، ئەو هەمو کامێرانە دۆزراونەتەوە ئەی چۆن دەبێت کامێرای بەردەم ماڵەکەی خۆی عەقید هاوکار چۆن هەستی پێنەکردوە بۆمب بچێنێت؟! ئەگەر عەقیدێکی ئەمنیە پاسەوانەکەی لەکوێیە؟! واتە ئەم شتانە هەموی جێگەی گومانن".
نوێنەری وڵاتان و نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە حزبەکان لە یەکتری نزیک بن 
بە وتەی ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی، نوێنەری ئەو وڵاتانە پاش کۆبونەوەکەی دوێنێ هەڵسەنگاندنی خۆیان دەکەن، لەو ڕوەوە ڕابیحە محەمەد وتی، "بەدڵنیاییەوە ئەوان دواتر لێکدانەوەی تریان دەبێت وەکو دەزانرێت کامێرای ڤیدیۆیی لە هەر شوێنێکدا بەبێ ڕێکەوت و کاتژمێر ڤیدیۆ تۆمار ناکات، من لە کۆبونەوەکە نەبوم من لە بەغدادم بۆیە ئاگادارنیم ئەوان چی دەڵێن؟ بەڵام هەڵبەتە کە ئەم ڤیدیۆیانە دەبینن ڕاستیەکانیان بۆ ڕون دەبێتەوە، ئێمە بۆیە حەزدەکەین بۆ ڕای گشتی بێت چونکە نوێنەری وڵاتان و نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە حزبەکان لە یەکتری نزیک بن و هەوڵبدەن هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت".
پارتی بەرژەوەندیەکەی لەم حوکمڕانیە تاک دەسەڵاتیە تاکڕەویە هەیە کە زۆرینەی کورسیەکانی پەرلەمانی بەدەستەوەیە
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی وتیشی، "پارتی چونکە بەرژەوەندیەکەی لەم حوکمڕانیە تاک دەسەڵاتیە تاکڕەویە هەیە کە زۆرینەی کورسیەکانی پەرلەمانی بەدەستەوەیە لەگەڵ 11 کورسی کۆتا دەیەوێت هەڵبژاردن بکرێت بەهەمان ئەو یاسایەی کە بتوانێت خۆی زۆرینە بهێنێت و 11 کورسیشی لەسەر سینیەکی زێڕین پێشکەش بکرێت یاخود ئەوەتا دۆخەکە بەوشێوەیە بڕوات و هەڵبژاردن نەکرێت، بۆیە ئێمە دەبێت ڕای گشتی دەرەوە و ناوەوە هەرێمایەتیش ئاگاداربکەینەوە شەقامی کوردیش ئاگاداربێتەوە کە یەکێتی چەند ساڵە داوادەکات ئەم یاسای هەڵبژاردنە پێویستی بە هەموارکردنەوەیە ئەم کۆمسیۆنە پێویستی بە چاکسازیە و تۆماری دەنگدەرانیش پێویستی بە پاککردنەوەیە، بەڵام پارتی ئامادە نییە هیچ یەکێک لەوانە بکات".
ئەوە تۆمەتێکە پارتی دروستیکردوە، پێویستە ئەو کەسانەی پارتی تۆمەتبارییان دەکات بچنە ناو ئەو کۆبونەوەیە 
له‌باره‌ی سه‌ردانی سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆری یەکێتی بۆ شاری هه‌ولێر له‌كاتێكدا فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ده‌رچوه‌، رابیحە محەمەد ڕەتیدەکاتەوە کە مەبەستەکە بۆ ئیستفزازی لایەنێکی سیاسی بێت، بەڵکو بۆ بەرگریکردن بوە لە خۆی، لەو ڕوەوە دەڵێت، "ئەوە تۆمەتێکە پارتی دروستیکردوە، پێویستە ئەو کەسانەی پارتی تۆمەتبارییان دەکات بچنە ناو ئەو کۆبونەوەیە لەپێش نێردەی وڵاتان ئەگەر پرسیارێکیان هەبێت یان ڕونکردنەوەیەکیان هەبێت لەسەر ڤیدیۆیەکە ئەویش وەکو کەسێکی ئەمنی بتوانێت، وەڵام بداتەوە".

ڕابیحە محەمەد دەشڵێت، "(کاک وەهاب هەڵەبجەیی) وەکو کەسێکی ئەمنی چوه،‌ ئەگەر بابەتەکە ئەوە بێت ئەویش یەکێک لە تاوانباران بێت ئەویش دەتوانێت ڕونکردنەوە بدات لەسەری ئەگەر پرسیاری ئەوەیان هەبو ئەویش دەبێت ئامادەیی خۆی هەبێت و بێتاوانی خۆی لەپێش هەموان ڕون بکاتەوە".
 نوێنەری وڵاتانمان بۆ ئەوە کۆنەکردەوە بڵێین شەڕ دەکەین بۆئەوەی ڕونی بکەینەوە کە ئێمە بێتاوانین
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "ئێمە نوێنەری وڵاتانمان بۆ ئەوە کۆنەکردەوە بڵێین شەڕ دەکەین بۆئەوەی ڕونی بکەینەوە کە ئێمە بێتاوانین، ئەوە پارتییە دەست بۆ ئێمە درێژ دەکات و دەیەوێت لە شوێنە هەستیارەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بدات تەنانەت دەست بۆ دەزگای زانیاری و بۆ کەسایەتیە ئەمنیە دیارەکانی ناو یەکێتی دەبات، ئێمە تەنها دەمانەوێت ئەوە ڕون بکەینەوە، ئێمە نین شەڕمان دەوێت یەکێتی هەمیشە لایەنی ئاشتیخواز و میانڕەو بوه،‌ بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستانە دەیەوێت تاکڕەوانە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بگرێتە دەست و سلێمانی بخنکێنێت بۆیە ئێمە دەمانەوێت ئەوە بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەنین".

نیشانەکردن

یەکێتی پارتی