خه‌ندان-
وەزیری کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حکومەتی هەرێمی كوردستان رایگه‌یاند، له دوایین كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا له‌سه‌ر بڕیاری یه‌كێتی به‌شدارنه‌بون، چونكه "بۆچونمان له‌سه‌ر شێوازی ئیداره‌دانی حكومه‌ت جیاوازه".
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حکومەتی هەرێمی كوردستان ئه‌مڕۆ له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌باره‌ی به‌شدارینه‌كردنیان له دوایین كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، رایگه‌یاند، "تیمی یه‌كێتی پابه‌نده به بڕیاری حزبه‌كه‌ی خۆیه‌وه و ئێمه به‌ڵێ وه‌زیرین، به‌ڵام پابه‌ندیمان هه‌یه به بڕیاری حزبه‌كه‌مانه‌وه و بابه‌تی بهشدارینهكردنمان له كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاری حزب بوه".
جیاوازی بۆچونمان له‌سه‌ر شێوازی ئیداره‌دانی حكومه‌ت جیاوازه
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "راسته حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌راكه‌ت پێكهێنراوه به‌ڵام جیاوازی بۆچونمان له‌سه‌ر شێوازی ئیداره‌دانی حكومه‌ت جیاوازه، ئه‌مه‌ش چاره‌سه‌ر ده‌بێت، چونكه نیه‌تی چاره‌سه‌ر له هه‌ردو حزبی سه‌ره‌كی كه زۆرینه‌ی حكومه‌تیان له‌لایه هه‌یه، ئومێد ده‌كه‌م بگه‌ینه چاره‌سه‌ر".
له كۆبونه‌وه‌كه‌دا هه‌ریه‌كه له حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، دارا ره‌شید و ئامانج رەحیم بەشداربون
26ی مانگی رابردو، قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و بەشێک لە تیمی یه‌كێتی له حكومه‌ت به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیان نه‌كرد، ئه‌وكات سه‌رچاوه‌یه‌ك به خه‌ندان-ی وتی، "كاك قوباد توڕه و نیگه‌رانه"، به‌ڵام له كۆبونه‌وه‌كه‌دا هه‌ریه‌كه له حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری رۆشنبیری و دارا ره‌شید، وه‌زیری پلاندانان و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران له پشكی یه‌كێتی به‌شداربون، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر داوای یه‌كێتی بۆ گه‌یاندنی نیگه‌رانییه‌كانی حزبه‌كه.
پارتی دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ململانێی حزبی به‌كارده‌هێنێت
به‌پێی زانیاریه‌كانی خه‌ندان، یەکێک لە نیگەرانیەکانی یه‌كێتی ئەوەیە کە "پارتی دیموكراتی كوردستان دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ململانێی حزبی به‌كارده‌هێنێت"، بەتایبەت کاتێک له‌دوایین بڕیاریدا سەرۆكایەتی دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان کە لە لایەن پارتییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت نوسراوێکی ئاڕاستەی دادگای لێکۆڵینەوەی رانیە کردوەو داوای دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوە کردوە کە ژمارەیەک لە سەرکردەکانی یەکێتی ناویان هاتوە.
هەرچەندە سەرۆکایەتی دادگای تێهه‌ڵچونه‌وه‌ی هەرێمی کوردستان ئاماژەی با ناوەڕۆکی دۆسیەکەوە نەکردوە، بەڵام ناوهێنانی سەرکردە دیارەکانی یەکێتی له‌و دۆسیه‌یه‌دا، حزبەکەی نیگەران کردوە.