ئەمینداری یەکگرتو: وڵات پێویستی بە دڵسۆزی و هاوکاری زیاتری یەکتر هەیە

10:06 - 28/10/2022

1286جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمینداری گشتی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئومێدەوارە حکومەتی نوێی عێراق بتوانێت بەسەر ئاستەنگی و قەیرانە کەڵەکەبوەکاندا سەرکەوتو بێت، جەختیش دەکاتەوە کە هاوڵاتیان چاوەڕوانی زۆرتریان لە حکومڕان و سیاسییەکان هەیە بۆیە باشترکردنی دۆخەکە پێویستی بە دڵسۆزی و هاوکاری زیاتری هەمو لایەک هەیە.

پیرۆزبایی لە محەمەد شیاع سودانی دەکەین 

سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان بەبۆنەی دەستبەکاربونی حکومەتی نوێی عێراق لە پەیامێکدا ئەوەشی خستوەتەڕو، پیرۆزبایی لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران دەکات بەبۆنەی بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی نوێ.

وڵات لە قۆناغێکی سەختدایە و هاوڵاتیان چاوەڕوانی زیاتریان هەیە

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئومێدی وایە حکومەتی نوێ بەسەر ئاستەنگی و قەیرانەکاندا سەرکەوتوبێت، باوەڕیشی وایە "وڵات لە قۆناغێکی سەختدایە و هاوڵاتیان چاوەڕوانی زیاتریان هەیە، بۆیە دۆخەکە پێویستی بە دڵسۆزی، هاوکاری و لەخۆبردویی زیاتری هەمو لایەک هەیە."

پەرلەمانی عێراق کابینەی نوێی حکومەتی بە سەرۆکایەتی سودانی پەسەندکرد

دوای تێپەڕبونی زیاتر لە ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمان، شەوی رابردو پەرلەمانی عێراق کابینەی نوێی حکومەتی بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی پەسەندکرد و متمانەی بە 21 وەزیریش بەخشی.

روبەڕوبونەوەی گەندەڵی لە پێشینەی کاری حکومەتەکەم دەبێت

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەوتارەکەیدا بۆ پەرلەمانتاران رایگەیاند، کەرتەکانی تەندروستی، کارەبا، خزمەتگوزارییەکان لەرێگەی شارەوانی، روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی لە پێشینەی کاری حکومەتەکەی دەبن.

حکومەت پلانی درێژخایەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری ئامادە دەکات

وتیشی، حکومەت پلانی کورتخایەن، مام ناوەند و درێژخایەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری ئامادە دەکات، هەروەها کار دەکات بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و دۆزینەوەی دەرفەتی کار بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان.