خه‌ندان-
كوێستان ئه‌كره‌م هۆكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی له‌پۆستی سه‌رۆكی شاره‌وانی هه‌ڵه‌بجه ئاشكراده‌كات و راشیده‌گه‌یه‌نێت، "قه‌یرانی دارایی ئه‌گه‌ر كاریگه‌ریه‌كی له‌سه‌ر پارێزگاكانی دیكه‌ی هه‌رێم دروستكردبێت، ده هێنده كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه هه‌بوه، ئه‌وه‌نده‌ی توانیم خزمه‌تی هه‌ڵه‌بجه‌م كرد و له‌ئێستادا ویژدانم ئاسوده‌یه".
كوێستان ئه‌كره‌م سه‌باره‌ت به‌ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی له‌پۆستی سه‌رۆكی شاره‌وانی هه‌ڵه‌بجه، له لێدوانێكدا به خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "شه‌ش ساڵم ته‌واوكردوه وه‌ك سه‌رۆكی شاره‌وانی، له‌ڕوی یاساییه‌وه چوار ساڵ جارێك ده‌بێت هه‌مو به‌رپرسه ئیداریه‌كان بگۆڕدرێن، به‌ڵام دوای چوار ساڵ داواكاریم پێشكه‌ش به‌لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كرد له‌پۆستی سه‌رۆكی شاره‌وانی هه‌ڵه‌بجه ببه‌خشرێم، پێیانوتم گۆڕانكاری ده‌كرێت، كه‌چی تا ئێستا ئه‌و گۆڕانكاریانه نه‌كراوه، بۆیه دوای شه‌ش ساڵ دهستملهكاركێشایهوه، عه‌بدولحه‌كیم عه‌بدولمه‌جید كه جێگری سه‌رۆكی شاره‌وانی بو، داواملێكرد پۆستی سه‌رۆكی شاره‌وانی وه‌ربگرێت، به‌سوپاسه‌وه داواكاریهكهمی قبوڵكرد بۆ راییكردنی كاروباره‌كانی شاره‌وانی، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاریش ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌م ده‌ربڕیوه".
هۆكاری یه‌كه‌م وه‌ك باسمكرد، ماوه‌ی چوار ساڵم ته‌واوكرد و دو ساڵیش چاوه‌ڕێم كرد، بۆئه‌وه‌ی ببه‌خشرێم له‌پۆسته‌كه‌م
وتیشی، "هۆكاری یه‌كه‌م وه‌ك باسمكرد، ماوه‌ی چوار ساڵم ته‌واوكرد و دو ساڵیش چاوه‌ڕێم كرد، بۆئه‌وه‌ی ببه‌خشرێم له‌پۆسته‌كه‌م، هۆكاری دوه‌میش زۆر به‌داخه‌وه كه‌می بودجه و نه‌بونی ئیمكانیه‌تی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ڵه‌بجه بو كه بتوانین خزمه‌ت به‌هاوڵاتیان بكه‌ین، دوای 34 ساڵ هاوڵاتیه‌كی هه‌ڵه‌بجه مه‌منون بن تێكهڵهڕێژی كۆڵانه‌كه‌یان بۆ بكه‌ین، كه‌چی ئیمكانیهتمان نه‌بێت، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه نه‌متوانی چیتر به‌رده‌وام بم، خۆم به شه‌رمه‌زاری هه‌مو خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه ده‌زانم، داوای لێبوردنیان لێده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر قه‌یرانی دارایی هه‌مو عێراق و هه‌رێمی كوردستانی گرتبێته‌وه و جارێك پشكی به‌ر پارێزگاكان كه‌وتبێت، ده هێنده به‌ر هه‌ڵه‌بجه كه‌وتوه، هه‌مو كۆڵانه‌كان به‌رده‌م قوتابخانه و نه‌خۆشخانه‌كان و هاوڵاتیان به‌گشتی پێویستیان به‌خزمه‌تگوزاری هه‌یه، بۆیه ئه‌مانه هه‌مویان وایانكرد نه‌توانم چیتر له‌پۆسته‌كه‌م بمێننمه‌وه، هیوادارم ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئاوڕێكی جدی له‌شاره‌وانی هه‌ڵه‌بجه بدرێت".
هیوادارم ئه‌وه‌ی من نه‌متوانی ئه‌نجامی بده‌م، سه‌رۆكی نوێی شاره‌وانی هه‌ڵه‌بجه ئه‌نجامی بدات
كوێستان ئه‌كره‌م ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "هیوادارم ئه‌وه‌ی من نه‌متوانی ئه‌نجامی بده‌م، عه‌بدولحه‌كیم عه‌بدولمه‌جید سه‌رۆكی نوێی شاره‌وانی هه‌ڵه‌بجه ئه‌نجامی بدات، من وه‌ك خۆم له‌ڕوی ویژدانیه‌وه ئاسوده‌م".
ئه‌وه‌ی ویژدانم ئاسوده ده‌كات هیچ كێشه‌یه‌كی زه‌وی و زارمان نیه
كوێستان ئه‌كره‌م ره‌تیشیكرده‌وه، په‌یوه‌ندی به‌دۆسیه‌ی زه‌وی و زار و بونی ژماره‌یه‌ك گه‌نده‌ڵیه‌وه هه‌بێت و ئاشكرایكرد، "دور و نزیك هیچ په‌یوه‌ندیه‌كمان به شاره‌وانی سلێمانیه‌وه نیه، ئه‌وه‌ی ویژدانم ئاسوده ده‌كات هیچ كێشه‌یه‌كی زه‌وی و زارمان نیه، ئه‌وه‌ی هه‌بوبێت لێره‌و له‌وێ كه ته‌لبه‌ند كرابێت، هه‌مویمان داوه‌ته یاسا، شه‌ش ساڵه سه‌رۆكی شاره‌وانیم یه‌ك مه‌تر زه‌وی نیشته‌جێبون دابه‌شنه‌كراوه، سه‌رجه‌م زه‌ویه‌كانیش رێكاره‌كانیان ته‌واوكراوه و و به‌س ئه‌وه ماوه قه‌ره‌بوی خاوه‌ن موڵكه‌كان بكرێته‌وه، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی فه‌رمانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاریان هه‌یه به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی زه‌ویه‌كانیان به‌سه‌ردا دابه‌شبكرێت، بێگومانیش وارسی شه‌هیدان ئه‌وله‌ویه‌تیان پێده‌درێت".
مرۆڤ كاتێك كارێك ده‌كات، زۆرجار شانازی پێوه‌ده‌كات
سه‌رۆكی ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی شاره‌وانی هه‌ڵه‌بجه ده‌شڵێت، "مرۆڤ كاتێك كارێك ده‌كات، زۆرجار شانازی پێوه‌ده‌كات، من له‌و ماوه‌یه‌ی له شاره‌وانی هه‌ڵه‌بجه بوم، چ وه‌كو جێگر و چ وه‌كو سه‌رۆكی شاره‌وانی، باخچهیهكمان دروستكرد به‌ناوی كه‌سێكه‌وه كه خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت بو له‌كاتی جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كه‌دا، به‌ردێك هه‌بو ئه‌و كچه زۆر هۆگری ئه‌و به‌رده بو بو، زه‌ویه‌كه‌ش زه‌وی نیشته‌جێبون بو، پاشان باخچه‌كه‌مان دروستكرد و ناومان نا باخچه‌ی رۆشنا، هه‌ركاتێك به‌وێدا تێپه‌ڕده‌بم ئاسوده ده‌بم".