لە یۆنان بەلەمێکی کۆچبەران بە 40 سەرنشینەوە ژێرئاو کەوت

09:45 - 06/10/2022

3974جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بەلەمێکی کۆچبەران بە 40 سەرنشینەوە لە دورگەی لێسبۆسی یۆنان ژێرئاو کەوت کە زۆربەی کۆچبەرەکانی خەڵک وڵاتانی ئەفریقان، پۆلیسی دەریایی یۆنانیش رایگەیاند، هێزەکانیان تەرمی 16 کۆچبەریان دۆزیوەتەوە کە سەرجەمیان ژنن، هەروەها نۆ کەس رزگارکراون و 15 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.

تەرمی 16 کۆچبەریان دۆزیوەتەوە کە سەرجەمیان ژن بون

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە پۆلیسی دەریایی یۆنان لە دورگەی لێسبۆسی لانیکەم تەرمی 16 کۆچبەریان دۆزیوەتەوە کە سەرجەمیان ژن بون، ئەوەش دوەم روداوی ژێرئاو کەوتنی بەلەمی کۆچبەرانە لەماوەی یەک رۆژدا، هەروەها زانراوە کە زۆربەی کۆچبەرەکان خەڵک وڵاتانی ئەفریقان.

 ئەو بەلەمەی ژێرئاوکەوتوە 40 سەرنشینی تێدابوە

ئاماژەی بەوەشکردوە، بەوتەی کۆچبەرە رزگارکراوەکان ئەو بەلەمەی ژێرئاوکەوتوە 40 سەرنشینی تێدابوە، تائێستاش نۆ کۆچبەر رزگارکراون و 15 کۆچبەری دیکەش بێسەروشوێنن.

 داوا لە ئەنقەرە دەکەن بەپەلە رێوشوێن بگرێتەبەر بۆ رێگریكردن لە کۆچی نایاسایی

دوای روداوەکەش نۆتیس میتاراچی، وەزیری كۆچ و کۆچبەرانی یۆنان رایگەیاند، ئەو بەلەمە لە تورکیاوە گەیشتوەتە سنورەکانی یۆنان، بۆیە داوا لە ئەنقەرە دەکەن بەپەلە رێوشوێن بگرێتەبەر بۆ رێگریكردن لە هەمو کۆچێکی نایاسایی ئەویش بەهۆی سەختی و ناجێگیری دۆخی کەشوهەوا.

تائێستا 15 کەس بێسەروشوێنن و گەڕان دوایاندا بەردەوامە

رۆژی چوارشەممەی رابردوش پۆلیسی دەریایی یۆنان رزگارکردنی 80 کۆچبەری راگەیاند کە بەلەمەکەیان لە نزیك دورگەی كیتیرا لە باشوری یۆنان ژێر ئاو کەوتبو، لەو روداوەش تائێستا 15 کەس بێسەروشوێنن و گەڕان دوایاندا بەردەوامە.

نیشانەکردن

یۆنان کۆچبەر