خەندان-
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رەزامەندی دراوە بە خەرجکردنی تێچوی 64 بەرکەوتوی چەکی کیمیایی هەڵەبجە و رەوانەکردنیان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری تەندروستی.
262 ملیۆن دینار بۆ بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی خەرج دەکرێت
لە نوسراوێکدا کە ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و ئابوری کردوە، ئاماژەی بەوەشداوە، رەزامەندی دراوە بە خەرجکردنی بڕی 262 ملیۆن دینار بەمەبەستی چارەسەری تەندروستی 64 بەرکەوتوی چەکی کیمیایی هەڵەبجە.
ئەو کەسانەی بڕیارەکە دەیانگرێتەوە بیناییان لە مەترسیدایە
لەسەر بڕیارەکەش ئازاد مستهفا، بهڕێوهبهری گشتیی تهندروستیی ههڵهبجه ئاماژەی بەوەکرد، ئەو کەسانەی بڕیارەکە دەیانگرێتەوە بیناییان لە مەترسیدایە بەهۆی ماكە درێژخایەنەكانی سوتانی گلێنەیان بە غازی خەردەل.
لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەم جۆرە نەشتەرگەرییانە لە هەڵەبجە ئەنجامدەدەین
ئەوەشی خستوەتەڕو، "لە ئاییندەیەكی زۆر نزیكدا، ئەم جۆرە نەشتەرگەرییانە لە ناو نەخۆشخانەی بەركەوتوانی چەكی كیمیایی ئەنجامدەدەین و ڕێگەنادەین چیتر بەرکەوتوان وەک موزایەدە بەکاربهێنرێن لە پێناو بەرژەوەندیی شەخسی".
