یەکگرتو: پێویستە پێشێلكردنی سەروەریی خاكی هەرێم و عێراق بوەستێنرێت

10:58 - 29/09/2022

1416جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان ئیدانەی بۆردومانەکانی ئێران و تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت، داواكارە هەرچی زوترە جەنگ و خوێنڕێژیی و پێشێلكردنی سەروەریی خاكی هەرێم و عێراق بوەستێنرێت و ناوچەكە نەكرێتە جێی یەكلاكردنەوەی ململانێ سیاسییەكان.

هەرچی زوترە جەنگ و خوێنڕێژیی و پێشێلكردنی سەروەریی خاكی هەرێم بوەستێنرێت 
ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، "بە داخەوە بۆ چەندەمین جار لە لایەن هێزی سەربازیی ئێران و توركیاوە بۆردومانی ناوچە سنورییەكان و بارەگای هێزە نەیارەکانیان دەكرێت، ئێمە لە یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان وەك هەمیشە ئیدانەی ئەم سنوربەزاندن و هێرشانە دەكەین و بە ناڕەوای دەزانین و داواكارین هەرچی زوترە جەنگ و خوێنڕێژیی و پێشێلكردنی سەروەریی خاكی هەرێم و عیراق بوەستێنرێت و ناوچەكە نەكرێتە جێی یەكلاكردنەوەی ململانێ سیاسییەكان."
   داوا لە دەوڵەتی فیدراڵیی عیراق دەكەین كە سەروەریی وڵات بپارێزێت
ئەوەش هاتوە، "لە ڕویەكی تریشەوە ئێمە وەك جارانی تریش دوپاتمان كردوەتەوە دژین بەوە كە خاكی هەرێمی كوردستان بكرێتە سەرچاوەی هەڕەشە لەسەر وڵاتانی دراوسێ و گۆڕەپانی ململانێی خاوەن بەرژەوەندییەكان لە دورو نزیك. لەم وێستگەیەشدا داوا لە دەوڵەتی فیدراڵیی عیراق دەكەین كە سەروەریی وڵات بپارێزێت و كێشە هاوبەشەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە گفتوگۆو دانوستان یەكلایی بكاتەوە."
   داوای لێخۆشبون بۆ قوربانییان و شیفای خێر بۆ برینداران دەكەین
یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان دەڵێت، "سەبارەت بە قوربانییان و زیانمەدانی ئەو هێرشە موشەكییە ناڕەوایەی رۆژی(28/ 9/ 2022)، داوای لێخۆشبون بۆ قوربانییان و شیفای خێر بۆ برینداران دەكەین."

نیشانەکردن

یەکگرتووی ئیسلامی